کوردستانگرنگ

كۆسرەت ڕەسووڵ: بافڵ دەستێكی ڕەشی خیانەتكارە و لە ڕێبازی یەكێتی لای داوە

دوو ڕۆژ پاش خیانەتەكەی شانزەی ئۆكتۆبەری 2017 كە باڵی بافڵ ئەنجامیان دا، بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حزبەكە، لە كاتێكدا خۆی لەو كاتەدا هیچ پۆستێكی سیاسیشی نەبوو، كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی كە ئەو كات جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  بوو، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا نووسی: چەند  كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتیی شەخسی، دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە. 

هەروەها نووسیویەتی: سەرەڕای گەلەكۆمەكێی دەوروبەر، نابەرانبەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشییەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وای كرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت.

ئەوەی جێی سەرنجە، ئێستە كوڕەكانی كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی، شوێن ئەو كەسە كەوتوون كە باوكیان بە خیانەتكار و دەستی دەڕش و لادەر لە یەكێتی ناوی دەبات.

ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەكەی كۆسرەت ڕەسووڵە:

جەماوەری دڵسۆز و خۆڕاگری خەڵكی كوردستان

كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەردەستی كوردایەتی

لای هەمووان ئاشكرایە كە كوانووی خەباتی گەلەكەمان لە مێژووی دەیان ساڵەی تەمەنیدا لەپێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و شەرەفمەندانە بە بەردەوامی بڵێسەی سەندووە و نەوە لە دوای نەوە پەیامی پیرۆزی خۆی گەیاندووە , هەتا ئەمڕۆ كە گەیەندراوەتە دەستی ئێمە لەو پێناوەشدا چەندین سەركردەی جوامێر و دەیان هەزار لاو و مێرخاسی خۆی كردۆتە قوربانی و بە سەربەرزی یەوە لاپەڕەكانی مێژووی پێ نەخشاندووە . 

تا ئەو ئاستەی ئەوە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە گەلی كوردستان لەجیاتی هەموو ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی دونیا لە بەرامبەر دڕندەترین گروپی تیرۆریستی وەستایەوە و هەرەسی بەو پلانە گڵاوەیان هێنا كە دەتوانن ڕەوڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بوەستێنن و بمانگێڕنەوە بۆ چاخی بەردین وسەردەمانی جاهیلیەت .ئێستا لە كاتێكداكە ناو و ناوبانگی جوامێرانەی پێشمەرگەی كوردستان بە جوانی لە گوێ ی تەواوی مرۆڤدۆستان و ئازادیخوازانی دونیا دەزرنگێتەوە و كەسانێك نەماوە لە م جیهانە بەرینەدا ناوی پیرۆزی پێشمەرگە  لەسەر زار نەبێت , لە پاداشتی ئەوەدا گەلی كوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەدابوو كە كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە جیهان و ناوچەكە بۆ بونیادنانی ئایندەیەكی گەشتر بۆ نەوەكانی داهاتوومان , گوێمان لێبگرن و ڕێز لە ئیرادەی میللەتەكەمان بگرن , بەڵام مەخابن لە بری ئەوە ڕووبەڕووی گەلەكۆمەیەكی هەمەلایەنەیان كردینەوە و جارێكی تریش ئەو ڕاستیەیان سەلماندەوە كە ( نەتەوەی كورد بێجگە لە چیاكانی خۆی هیچ دۆستێكی تری نیە ) , بە جێهێشتنی گەلەكەمان بە تەنها لەبەردەم هێرش و پەلاماردانەكانی میلیشیا ی حەشدی شەعبی و یەكەكانی سوپای عێراق و ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابووردوو لەكەركوك وناوچە كوردستانیەكانی تر و قەتلوعامكردنی هاوڵاتیانی كورد لە شاری دوزخورماتوو و جێگاكانی تر و دەركردنیان و سوتاندنی ماڵوحالیانو بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانیان بێجگە لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەنفالێكی تری كورد لەسەر زێدی بابو باپیری خۆی هیچ خوێندنەوەیەكی تر هەڵناگرێت .

بەڵام ئەوەی زیاتر برینەكە بە سوێ دەكات ئەوەیە كە چەند  كەسێكی لادەر لە ڕێبازی یەكێتی    بەبێ گەڕانەوە بۆ سەركردایەتی حیزبەكەمان لەم ڕووداوانەدا بە مەبەستی چەند دەستكەوتێكی كاتی شەخسی دەبنە هاوكار و دەستكێشی داگیركەران و بەم كارە قێزەونەیان سەرشۆڕانە خۆیان دەخزێننە ناو لاپەڕە ڕەشەكانی مێژووی گەلەكەمانەوە . 

دڵسۆزانو غەمخۆرانی كوردایەتی 

ئێمە وەك خۆمان بە شاهیدی هەموو لایەك لەوەی هێزمان بەسەریدا شكا و لەدەستمانهات بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیان و خاكی پیرۆزی كوردستان لە كەركوك و جێگاكانی تر و بە ئامانجی لەدەستنەدانی دەستكەوتە ستراتیژیەكانی گەلەكەمان ئەنجاممان داو درێغیمان نەكرد , بەڵام دیارە سەرەڕای گەلەكۆمەكێی دەوروبەر , نابەرابەری لە هێز و دڕندەیی شێوازی لەشكركێشیەكە لە پاڵ ڕۆڵی ناجوامێرانەی دەستە ڕەشەكانی ناوخۆ كە بوو بە هۆكاری چۆڵكردنی بەشێكی كاریگەر لە سەنگەرەكان و چۆڵكردنی پشتی هێزەكان بە قازانجی دوژمن كارێكی وایكرد كە ئەمجارەش ڕووداوەكان بە قازانجی گەلەكەمان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە كانمان نەشكێتەوە و بەشێكی گرنگ لە دەستكەوتە بەدیهاتووەكانی گەلی كورد لەدەست بچێت .

سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەرچی زیانەكان لەڕووی لەدەستدانی دەستكەوتی نەتەوەییەوە لە ئێستادا زۆر گەورەن و ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركوك و دوز و هەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەكانی تری گەلەكەمان ئەكەوێتە ئەستۆی ئەو كاڵفامانەی ناو یەكێتی, بەڵام پێمان وایە كە ئەمە كۆتایی ڕێگا نیە و ئیرادەی ئازادیخوازانەی كورد لەگەڵ ئەم جۆرە كەوتنانە دەست و پەنجەی نەرمبووە بۆیە هەڵسانەوە وچوونەوە پێش كارێكی زەحمەت نیە , ئێمەش بۆ ئەو ئامانجە هەمیشە پێشمەرگەی بەوەفای ڕێبازی شەهیدانین و وورەمان وورەی ڕۆژگارەسەختەكانی خەباتە و لەهەر كاتێكی تر جەسوورانەتر و دڵسۆزانە تر و بە بیر و هۆشێكی كراوەترەوە شان دەدەینە بەر ئەو ئەركە مێژووییەی كە خەباتی گەلەكەمان و خوێنی بەناهەق ڕژاوی شەهیدەكانمان پێیان سپاردووین .
لێرەشەوە بانگەشەی تەواوی هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكان دەكەم هەرچی زووە هیممەت بكەین و ناوماڵی خۆمان ڕێكبخەینەوەو عیبرەت لە ڕووداوەكان وەربگرین , یەكڕیزی گەلەكەمان بپارێزین و تۆكمەی بكەین , چونكە تەنها و تەنها ئەوە تاكەڕێگای هێزدانەبەری خەبات و كوردایەتی یە .

دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان
بژی كورد، بژی كوردستان

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button