یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەوەی دڵی دۆست و هاوپەیمانە دژە كورد و كوردستانییەكانی لێ نەڕەنجێت، لەو هەڵبژاردنە ئەوەندەی كاری بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی رەیان كلدانی كرد، ئەوەندە كاری بۆ دەرچوواندنی كاندیدەكانی خۆی نەكرد، ئاشكرایە لە ناوخۆی حزبەكە كاری بۆ ئەوە كرد ئەو كاندیدە دەربچێت و لە چەند ناوچەیەكی سنووری بازنەی سلێمانی خەڵكی خۆی و هیزە ئەمنییەكانی راسپارد تا كاندیدەكەی كلدانی دەربچێت.
لەكاتێكدا یەكێتی خۆی پێویستی بە دەنگ و كورسی زیاتر بوو و هەڕەشەی ئەوەی دەكرد دەبێتە هێزی یەكەم، كەچی بەهۆی كاندیدێكی رەیان كلدانی هەموو ئەوانەی لەبیر كرد و هەموو هەوڵەكانی بۆ سەرخستنی ئەو كاندیدە بوو، كاندیدەكانی خۆشی بەدوای دەنگێك وێڵ بوون و ئەوانی فەرامۆش كرد، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە یەكێتی لەو هاوپەیمانییەتەی كە هەیەتی بۆی نییە هەنگاوێكی زیاتر بنێت، ئەگەر لە بەرژەوەندیی حزبەكە خۆشی بێت.
رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بە “وشە”ی راگەیاند، یەكێتی خۆی پێویستی بە دەنگ و كورسیی زیاتر بوو، كەچی رۆیشت و خۆی بە كاندیدێكی رەیان كلدان سەرقاڵ كرد و هەموو هەوڵێكی دا تا دەری بچوێنێت، ئەمە بۆ خۆی مەهزەلەیە، حزبێك خۆی باری لارە، كەچی خەریكی رێكردن و رزگاركردنی باری ترە، ئەوەش بە ویستی خۆی نەبووە و پێی كراوە كە دەبوو ئەوە بكات، وەك چۆن كاری بۆ كاندیدەكانی خۆی دەكرد، بە هەمان شێوە و زیاتریش كاری بۆ دەرچوونی ئەو كاندیدەی كلدانی كرد، دووپاتی كردەوە، ئەمە زۆر شت هەڵدەگرێت، یەكێك لەوانە كلدانی دەسەڵاتی لە سلێمانیش دەبێت و دوور نییە سبەی پۆستیشی پێ بدرێت، خۆ ئەوانە لارییان نییە لە سلێمانی دژە كوردەكان بێننە پێشەوە.
باسی لەوەش كرد، ئەوە كردنەوەی سلێمانییە بە رووی ئەوانەی كە دژی كوردستان كار دەكەن، جێگەیان دەكەنەوە بۆ ئەوەی هەژموونی خۆیان فراوان بكەن، یەكێتی بۆچی كاری نەكرد تا دوو كاندیدی تری خۆی دەربچوێنێت، كە زۆر لەو كاندیدەی كلدانی پێویستی بەوە بوو دەنگ كۆ بكاتەوە، كاتێك كاندیدەكانی خۆی چاویان لەوە بوو حزب كاریان بۆ بكات، بەڵام وازی لەوانەی خۆی هێنا و كاری بۆ ئەو كاندیدەی كلدانی كرد.
پێوەست بە كاندیدەكەی كلدانی بڵند فاتیح، رۆشنبیری سلێمانی بە “وشە”ی گوت، شتێكی نامۆ نییە سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی كلدانی بێت و یەكێتیش بە فەرمانی ئەو هەڵسوڕێنێت، ئەو پێشتر لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، خۆم بە سەرۆكی یەكێتی دەزانم، ئەو هاوپەیمانییەتەی كە یەكێتی لەگەڵ ئەو كۆمەڵە هەیەتی، شتێكی روونە دەبێت پابەندی هەر شتێك بێت كە پێی دەڵین و دەبێت بیكات بە ویستی خۆی نییە، یەكێتی ئەوەندەی خۆی پێویستی بە كورسی و دەنگ بوو، بەڵام پێویستە كلدانی لە سلێمانی دەسەڵاتی هەبێت.
ئاماژەی كرد، بە سەتان كەس لە ناو ئەو حزبە راسپێردابوون دەنگ بە كاندیدەكەی كلدانی بدەن، پێویستە ئەوە شیكردنەوەی زیاتری بۆ بكرێت، كاتێك یەكێتی بە دەستی خۆی كلدانی دەكات بە خاوەن بڕیار و سبەی و دوو سبەی شتێك رووی دا ناتوانێت نكووڵی بكات و لێی دەربچێت، ئەو كات بە كورسی وەڵامی یەكێتی دەداتەوە، هەر ئەوەی كە دژایەتیی كوردستان دەكات بەسە بۆ ئەوە، بەڵام لە سلێمانی دۆخەكەیان بۆ پێچەوانە كردووەتەوە و ئەوان دژی كوردستانن، بەڵام لە سلێمانی دەرگایان بۆ واڵا كردوون.
لای خۆیەوە سەركەوت سەباح، هاووڵاتی بە “وشە”ی راگەیاند، یەكێتی چی نەكرد بۆ دژایەتیكردنی پێكهاتەكان، بەڵام كە زانی كورسییەك لە سلێمانی بۆ پێكهاتەكان دانراوە و كلدانی سەرپەرشتی دەكات، دەستبەجێ كەوتە خۆی و هەوڵی دا تا دەری چوواند، چونكە یەكێتی هیچكات لەسەر هەڵوێستێكی رێك نەبووە، بەڵام بۆ كلدانی چونكە دۆستی خۆیەتی و دژە كوردە، كەوتە سەر قاچ و ئیشی بۆ كرد.