وەزارەتی كارەبا بڕیاریدا بەڕێوەبردنی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا بدرێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
ئەمرۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی كارەبا بەڕێوەچوو و تیایدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا بەڕێوەببەن و دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە شۆڕ بکرێنەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا دەست بە پڕۆسەی چاکسازیی وەرزی زستانە بۆ تۆڕەکانی کارەبا بکرێت.
وەزارەتی كارەبا بڵاویكردەوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەنگاوەکانی پرۆژەی ڕووناکیی کارەبای 24 کاتژمێری و دەڵێت، “سەڕەرای ئەوەی پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ چارەسەری بنەڕەتی کارەبا و لە لایەن هاوڵاتییانیشەوە پێشوازییەکی باشی لێکراوە. ئەم پڕۆژەیە فراوانتر دەبێت و ڕێنماییەکانی پێدانی کارەباش بە پێی واقیعە نوێیەکە هەمواردەکرێتەوە”.