پارتی: قسەکانی بافڵ ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی سنووردار و ناواقعبین و خۆسەپێنی ئەوە
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی قسەكانی ئەمڕۆی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی دەداتەوە كە لەمیانەی پانێڵێكی لە دیداری مێری کردی، دەڵێ “بافڵ لەم پانێڵە زۆر قسەی بێسەروبەری كرد، كە ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی سنووردار و ناواقعبین و خۆسەپێنی ئەوە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بەشداریی لە پانێڵێكی دیداری مێری لە شاری هەولێر كرد و هاوشێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن چەند پەیامێكی سەبارەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: بافڵ تاڵەبانی بەداخەوە وەك بڵێی هێشتا تای بانگەشە بەری نەدابێت، لە چوارچێوەیەكی نامەنتقی و لووتبەرزانە و حیسابنەكردن بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئادابی ئاخاوتن دەرفەتی بۆ ڕەخسا، دیسان چەواشەكارانە و تێكدەرانە بدوێت. هەروەك چۆن خۆیشی نەیشاردەوە كە شارەزا و مامۆستای تێكدانن.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكەی پارتی دەشڵێ بافڵ كە خۆی بە ماتماتیكزان لە قەڵەم دەدات چاوی ئەوە نابینێت، كە پارتی ڕێك دوو هێندەی یەكێتییەكەی ئەو دەنگی هێناوە، ئاماژە بە ئەوەش دەدات “بافڵ تاڵەبانی زۆر بە ئاسانی دەنگ و ڕەنگی دەیان هەزار دەنگدەری دیکەی سنووری سلێمانی نادیدە دەگرێت و چاوی تەنیا خۆی و ڕەنگی حزبەكەی خۆی دەبینێت، باشە ئەگەر بافڵ بەقەدەر پارتی دەنگی هێنابا لە پانێڵەكە چۆن قسەی دەكرد”.
“هەر لە قسەکانیدا بافڵ هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێت ماڵ و دوکان و نەخۆشخانەکانی ئەندامانی پارتی لە سلێمانی بە بلدۆزەر تەخت بکات. سهرچاوه ڕۆژنامهوانییهكهی پارتی دهڵێ ئەو چونکە لە ڕوانگەی ڕەفتاری خۆی و مافیاکەیەوە سەیری شتەکان دەکات، پێیوایە هەر خەیاڵێکی سەرخۆشی هەبێت دەتوانێت جێبەجێی بکات”.
بافڵ تاڵەبانی باسی دیارنەبوونی داهاتی کرد، بەڵام ئەوەی دیار نییە داهاتی سلێمانییە کە وەزیری داراییش نازانێت چەندە، لە بافڵ دەپرسین داهاتی نەوتی قاچاخی کەرکووک کە لەگەڵ میلیشیاکان دەیفرۆشن چەندە؟.. لە بافڵ دەپرسین ئێوە بە چ سیفەتێک دژایەتیی پڕۆژەیەکی حکوومی وەك هەژماری من دەکەن، کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر دراوە”.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكەی پارتی دەشڵێ: بافڵ تاڵەبانی باسی ئەو بەڵگە دەنگییە ئابڕووبەرەی خۆی و براكەشی كرد، كە لەكاتی بانگەشەدا بۆ ڕای گشتی خرایەڕوو، خۆی باشتر لە هەموو كەس دەزانێت كە دەنگەكە هی خۆی و براكەیەتی، لەجیاتی قسەی زل، با ئەو شەهامەتەیان هەبێ بچن لە كام كۆمپانیای پسپۆڕ و كام دادگە هەیە تاقی بكەنەوە و سکاڵا بکەن، بەڵام خۆیان باش دەزانن چ کەتنێکیان کردووە و بەو قسانە پینە ناکرێت.