بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە دهۆک، لە کارەکەی دوورخرایەوە.
دوای تۆمارکردنی پێنج سکاڵای یاسایی، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر بەڕێوبەری تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە دهۆک پێکدەهێنێت، دواتر بە فەرمانی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کارەکەی دوورخرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێنج ئەفسەر لەنێو بەڕێوبەرایەتیی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لەسەر کەیسەکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، دواتر لیژنەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان گەڕاندووەتەوە وەزارەتی ناوخۆ، هاوکات فەرمانی دوورخستنەوەی بەڕەێوبەرەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە دەرکراوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی پێنج کەیس لە نێو بەڕێوبەرایەتیی تووندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان، هاوکات لە دەرەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەش لەسەر ئەو بەڕێوبەرە هەبوون، وەک بەکارهێنانی پێگەکەی بۆ کاری نەشیاو، بەهەدەردانی موڵکی گشتی، تەنانەت گومان دەکرێت لەوەی پارەی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی برد بێت، کە هەماهەنگییان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکە هەبووە.
لە پێنجشەممەی ڕابردووەوەش بەڕێوبەرەکە نەگەڕاوەتەوە سەر کارەکەی، لەبری ئەو عەقید شڤان ئیسماعیل، بەرپرسی بەشی جوڵانەوە و تاوان بە وەکالەت دەستبەکار بووە، تاوەکو کەسێکی دیکە دەخرێتە شوێنەکەی.
ئاڤا