بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر رایدەگەیێنێت “ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ئەوەیە، ئێمە بیسەلمێنین کە ئێوە ئامادەن و تۆمار دەکرێن، بۆیە دەبێت لە ماڵەکانتان بن.”
ئەمڕۆ یەکشەممە، دڵزار حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لە سەرژمێری دوێنێدا ئەو کێشە هونەرییانەی هەبوون دەستنیشانمان کردن و لەلایەن تیمە هونەرییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری هەولێر، چارەی پێویستیان بۆ دۆزراوەتەوە.
گوتیشی: “ڕۆژی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ئەوەیە، ئێمە بیسەلمێنین کە ئێوە ئامادەن و تۆمار دەکرێن، بۆیە دەبێت لە ماڵەکانتان بن، هەروەها چەند تێبینیەکمان لە چەند شوێنێکەوە بۆ هاتووە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت شوێنی دانیشتنیان بگۆڕن، بەتایبەتی چوونیان بۆ دەرەوەی شاری هەولێر یان باخەکان، ئەوە خۆیان زیانمەندی یەکەم دەبن، چونکە ئەو سەرژمێرییە دەبێتە بنەمای زۆر شت.”
بەڕؽوەبەری ئاماری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد “هەرکەسێک لە 20 و 21ـی مانگ تۆمار نەکرا، ئەوە فایلی نابێت، لە 22ـی مانگیش ناتوانیت ناوت تۆمار بکرێت، بۆیە ئەگەر شوێنەکانیشتان دەگۆڕن لە نزیک شوێنی دانیشتنتان بن باشترە، چونکە قورسە بژێرەکان بتاندۆزنەوە.”
هاوکات باسی لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان کرد کە دوێنێ لە مەخمور کۆبوونەوە، گوتی: “هەموویان لەسەر ئەوە کۆک بوون، ئەوانەی لە سنووری ماددەی 140ـن لە سنووری مەخمور دەبێت بچنەوە زێدی خۆیان، هەروەها ئاسانکاری و هاوکارییان بۆ دابین کراوە، لەبەر ئەوە دەبێت بەرگەی ئەو چەند ڕۆژە بگرن تاوەکوو مافی خۆتان و خاکتان پاریزراو بێت.”