مانگی دەستکرد شوێنی شەڕێکی مێژوویی لە عێراق دەدۆزێتەوە
وێنەیەکی سیخوڕیی مانگێکی دەستکرد دەبێتە هۆی دۆزینەوەی شوێنی شەڕێکی مێژوویی لە عێراق.
وێنەیەکی سەردەمی حەفتاکانی مانگێکی دەستکردی سیخوڕی ئەمەریکا کە ئاشکرا کراوە بووە هۆی ئەوەی تیمێکی شوێنەواری بەڕیتانی و عێراقی شوێنێک بدۆزنەوە کە باوەڕییان وایە شوێنی شەڕێکی سەدەی حەوتەمە کە بووە شەڕێکی یەکلاکەرەوە لە بڵاوبوونەوەی دینی ئیسلام لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
شەڕی ئەلقادسییە لە میزۆپۆتامیا ڕوویدا، کە عێراقی ئێستایە، شەڕەکە لە ساڵی 630ییەکانی زایینی ڕوویدا لە نێوان موسوڵمانە عەرەبەکان و سوپای ساسانییە فارسەکاندا لە ماوەی فراوانبوونی موسوڵماناندا. سوپای عەرەبی سەرکەوتنی لەو شەڕەدا بە دەستهێنا و بەردەوام بوو لە پێشڕەوییەکانی بۆ ناو پێرشیاش، کە ئێرانی ئێستایە.
تیمێکی هاوبەشی شوێنەوارناسانی زانکۆی دورهامی بەڕیتانیا و زانکۆی ئەلقادسیەی عێراق شوێنێکییان دۆزییەوە لە کاتێکدا کە خەریکی نەخشەکردنی دەرب زوبەیدە بوون، کە ڕێگایەکی کۆچە لە کوفەی عێراقەوە بۆ مەککەی سعودیە و زیاتر لە 1000 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە. دۆزینەوەکان ڕۆژی سێشەممە لە گۆڤاری ئەنتیکویتی بڵاوکرانەوە.
لە کاتێکدا کە نەخشەی ڕێگاکەیان کێشاوە، تیمەکە تێبینی شوێنێکییان کردووە کە نزیکەی 30 کم لە کوفەوە دوور بووە کە دەکەوێتە پارێزگای نەجەفی باشوورەوە، ناوچەیەکی بیابانییە، خاسیەتەکانی خاکەکەی هاوشێوەی وەسفەکانی شوێنی شەڕی ئەلقادسییە بووە کە لە دەقە مێژووییەکاندا باسی لێوە کراوە.
ویلیام دێدمانی شارەزا لە شوێنەوارناسیدا لە زانکۆی دورهام، وتی وێنەی مانگە دەستکردەکانی سەردەمی جەنگی سارد ئەو ئامڕازانەن کە زۆرجار لەلایەن ئەو شوێنەوارناسانەوە بەکاردەهێندرێن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار دەکەن، چونکە وێنە کۆنەکان زۆرجار خاسیەتێک پیشان دەدەن کە لە ناوچوون یاخود تێکدراون و لە وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکانی ئێستادا دەرناکەون.
وتی ” ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا گەشەیەکی زۆری کردووە، لە ڕووی فراوانبوونی کشتوکاڵ و فراوانبوونی ناوچەکانی نیشتەجێبوونیشەوە.” هەندێک لە خاسیەتە تایبەتەکانی شوێنەکەی ئەلقادسییە، وەکو خەندەقە جیاوازەکانی، لە وێنەکانی ساڵەکانی حەفتاکاندا ” زۆر دیارتر و ڕوونتر ” بوون.
توێژینەوەیەک لەسەر زەوییەکە دۆزینەوەکانی پشتڕاست کردەوە و تیمەکەی قایل کرد لەسەر ئەوەی کە بە ڕاستی شوێنی شەڕی ئەلقادسییەیان دۆزیوەتەوە.
خاسیەتە سەرەکییەکان بریتی بوون لە خەندەقە قووڵەکان، دوو قەڵا و ڕووبارێکی کۆن کە گوایە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو هێزانەی پێرشیاوە دروست بووە کە سوارچاکی فیل بوون، ئەمەش بەپێی جەعفەر جۆثەری پڕۆفیسۆری شوێنەوارزانی لە زانکۆی ئەلقادسییە کە بەشێکە لەو تیمەی کە ئەو دۆزینەوەیەی کردووە. تیمەکە پارچەی قۆرییان دۆزیوەتەوە کە گونجاون لەگەڵ ئەو کاتەدا کە شەڕەکەی تێدا ڕوویداوە.
جۆثەری وتی عێراقییەکانی نەوەی خۆی، کە لە ژێر فەرمانڕەوایی سەدام حوسەیندا گەورە بوون، هەموویان بە وردەکارییەوە دەربارەی ئەو شەڕە دەزانن، تەنانەت ناوی جەنەڕاڵەکانی هەردوو سوپاکەش دەزانن.
شەڕەکە لەو کاتەدا سیمبوولێکی سیاسیی هەبوو، عێراق لەو کاتەدا لە زۆربەی ساڵەکانی هەشتاکاندا لە شەڕدا بوو لەگەڵ ئێراندا. سەدام ئاماژەی بە شەڕی قادسییە دەدا وەکو پێشبینیکەری سەرکەوتن بۆ عێراق.
هاوشێوەی زۆرێک لەو منداڵانەی کە لەو کاتەدا گەورە دەبوون، جۆثەری وتی چەندین جار سەیری فیلمێکی بەناوبانگی کردووە سەبارەت بەو شەڕە چونکە بەردەوام لە تەلەفیزیۆن لێدەدرا.
لە دوای سەردەمی سەدام حسێنەوە، قادسییە بووە شتێکی سیاسیی، بۆچوونی عێراقییەکان سەبارەت بە شەڕی قادسییە پەیوەستە بە هەستییانەوە بەرامبەر بە ئێران، کە لە ئێستادا دەسەڵات و کاریگەرییەکانی لە ناو عێراقدا زیاتر کردووە لە دوای لەشکرکێشییەکەی ساڵی 2003 ەوە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کە بووە هۆی دوورخستنەوەی سەدام.
جۆثەری وتی ” ناوەڕۆکێکی سیاسیی و ئایینی هەیە لەم شەڕەدا، چونکە ئێمە ئێستا لە عێراقدا بێگومان جیاوازیی ئایینیمان هەیە، جیاوازی نەژادمان هەیە، جیاوازیی سیاسییمان هەیە، لەبەرئەوە خوێندنەوە و بۆچوونمان لەسەر هەر شتێک پەیوەستە بە جیاوازییەکانمانەوە. هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کە ئەوە شەڕێکی زۆر گرنگ بووە، شەڕێکی یەکلاکەرەوە بووە، هەمووشمان لە بارەی ئەو شەڕەوە دەزانین.”
وتیشی تیمەکە پلانی هەیە لە ساڵی داهاتوودا لەو شوێنەدا دەست بکات بە هەڵکەندنی خاکەکە.
دۆزینەوەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی بەرفراوانتردا دێت کە لە ساڵی 2015 دا دەستیپێکرد و ئامانجی ئەوەیە ئەو ناوچە شوێنەوارییانەی کە مەترسییان لەسەرە لە ناوچەکەدا تۆمارییان بکات.
هەروەها لە کاتێکیشدایە کە شوێنەوارزانی گەڕاوەتەوە بۆ عێراق، وڵاتێک کە زۆرجار بە ” لانکەی شارستانی ” ناودەبرێت. بەڵام گەڕانی شوێنەوارناسەکان چەندین دەیەیە بەهۆی شەڕ و ململانێوە لە وڵاتەکەدا وەستاوە و ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەڵکەندنەکان و تاڵانکردنی دەیان هەزاران کەلوپەلی شوێنەواریی کۆن.
لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هەڵکەندنەکان دەستییان پێکردووەتەوە و هەزاران کەلوپەلی کۆنیش گەڕێندراونەتەوە.
سەرچاوە
دەنگی ئەمەریکا