هەڵوێست تۆمەتباردەكرێت بە وەرگرتنی پارە لەسەرکردە شیعەکانی بەغدا و رەیان کلدانی.
هێرش عەبدولرەحمان، یەكێك لە كاندیدەكانی رەوتی هەڵوێست لە سنوری بازنەی سلێمانی لە بڕیاردەری ڕەوتەكەی و دەستەی بەڕێوەبەرانی ڕەوتەكە نیگەرانە و تۆمەتباریان دەكات بە وەرگرتنی پارە لە هەر یەك لە پارتی و قوباد تاڵەبانی و ئیدارەی گشتی یەكێتی و سەركردەیەكی حەشدی شەعبی و چەند سەركردەیەكی دیاری شیعە لە بەغدا.
بەپێی زانیارییەكان، هێرش عەبدولرەحمان كە لە ئەمریكاوە گەڕایەوە هەرێمی كوردستان و لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەردەوام لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری ڕەوتەكە دەردەكەوت ئێستا بەتەواوی لە ڕەوتەكە نیگەرانەو لە واتس ئاپەوە گروپێكی دروستكردووەو ئەو كەسانە لە گروپەكەیدان كە لەگەڵیدا هاوهەڵوێستن و نیگەرانن لە دەستەی بەڕێوەبەرانی ڕەوتەكە.
بەپێی زانیارییەكان، هێرش عەبدولرەحمان، لە گروپەكەیەوە بانگەشەی ئەوە ئەكات كە دەبێت حیزبەكەیان كۆنگرە ببەستێت و بەشێوەیەكی ڕێكخراو حیزبەكەیان ڕێكبخرێتەوەو لە راپۆرتی گشتی حیزبەكەشدا بەوردی راپۆرتی دارایی بخوێندرێتەوە.
هێرش عەبدولرەحمان باس لەوە دەكات ئەو وایزانیوە كە حیزبەكەیان هیچ سەرچاوەیەكی دارایی نییە، بەڵام دواتر بۆی دەركەوتووە كە هەر یەك لە بریاردەرو ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن هەر یەكەو بەجیا پارەیەكی زۆریان لە سەركردەیەكی پارتی و قوباد تاڵەبانی و ئیدارەی گشتی یەكێتی و ڕەیان كلدانی و سەركردەیەكی دیاری شیعەكان لە بەغدا وەرگرتووەو چارەنوسی پارەكانیش نادیارە.
هێرش عەبدولرەحمان كە بانگەشەی ئەوە دەكات بەشێكی زۆری فیگەرە دیارەكانی حیزبەكەی لەگەڵدایەو ئەگەر بڕیاردەری حیزبەكەی و دەستەی بەڕێوەبەرانی حیزبەكەی پابەند نەبن بە بەستنی كۆنگرە ئەوا هەموو بەڵگەو دیكیۆمێنتەكان بۆ ڕایگشتی ئاشكرا دەكات.
بوار