حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ مووچەی مانگی 10ی ناردووە، ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق رۆژی یەکشەممە بڕی 761 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 10 خستە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێمی کوردستان پارەکەی وەرنەگرتووە و هێشتا لەسەر هەژمارەکەیە، دەڵێت 235 ملیار دینار کورتهێنان هەیە و بەش ناکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژانی ڕابردوودا تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیش پەیامێکی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبوو و بەڵێنی دابوو کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە، بەڵام داوای کردبوو سەبری لێ بگرن تاوەکو چارەسەری دەکات. لەبارەی مووچەی مانگەکانی یانزە و دوانزەش بەغدا وتبووی هیچ بڕە پارەیەک نانێرێت تاوەکو مووچەی مانگی 10 دابەش نەکرێت.
بەگوێرەی زانیاریەکان، وابڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ڕۆژی داهاتوودا، ڕوونکردنەوەیەک لەسەر مووچە بڵاودەکاتەوە و هەموو شتێک بە داتا و ژمارە دەخاتەڕوو، کە چۆن هەموو ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی عێراق جێبەجێ کردووە، ئاماژە بە بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەکات کە دەڵێت بێ هیچ پاساو و بیانووێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوە و هاوكاتی مووچەخۆرانی تەواوی عێراق بدرێت.
لەبارەی دابەشکردنی مووچە و بڵاوکردنەوەی لیست، بەپێی زانیاییەکان هیچ ئەگەرێک نییە ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی بکرێت و دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
لەکاتێکدا هێشتا مووچەی مانگی 10 بەتەواوی بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە، حکومەتی عێراق بۆ فەرمانبەرانی خۆی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 کردووە.