دوایین زانیاری لەبارەی دۆخی دیمەشق

بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی نێو دیمەشق کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، هێزەکانی سوپای سووریا بەرەو تەرتووس و لازقیە پاشەکشەیان کردووە.
محەممەد ئەشقەر، رۆژنامەنووس لە دیمەشقەوە بە رووداوی راگەیاند: “دامەزراوە حکومییەکان داخراون و پارێزگارییان لێدەکرێت. گرووپە چەکدارەکان لەدوای حومس بە ئاراستەی دیمەشقەوە دێن.”
هاوکات، گوتیشی کە دۆخی ئاو و کارەبا ئاساییە. لە هەندێ ناوچە کارەبا پچڕاوە، “پێشتریش هەر وا بووە.”
ئەو رۆژنامەنووسە پێیوایە، پێویستە حکومەتی کاربەڕێکەر رابگەیێندرێت.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە تێیدا دەردەکەوێت خەڵکی هەڵدەکوتنە سەر کۆشی کۆماری، ئەو رۆژنامەڤانە دەڵێت: “هەندێک خەڵک تووڕەن بەهۆی ئەو زوڵم و ستەمەی کراوە، دوای گەیشتنی هێزەکان دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکرێت. هەموو گەڕەکەکان ئارامن. خەڵکی بۆ پاراستنی گەڕەکەکانیان لە کاری تێکدەرانە بڵاوبوونەتەوە.
هاوکات، باس لەوە دەکات، لەدوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق، “سەدان هەزار زیندانی ئازاد دەکرێن.”
ژێدەر
رووداو



