کێشەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر دەکرێت
هەولێر و بەغدا لەسەر گواستنەوەى 430 ملیار دینار بۆ سەر پارەى مووچەى هەرێمى کوردستان رێککەوتوون و بەوەش کورتهێنانى مووچەى سێ مانگى کۆتایی ئەمساڵ چارەسەر کراوە.
شاندێکى وەزارەتى دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەى چەند رۆژێکە لە بەغدایە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو کورتهێنانەى لە مووچەى خانەنشینان و فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دا دروست بووە.
بەگوێرەى بەدواداچوونەکان، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەى گواستنەوەى پارە بۆ سەر ئەو بەشەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە، کە تایبەتە بە مووچە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ بۆ هەریەک لە مانگەکانى 10 ،11 و 12ـی ئەمساڵ، نزیکەى 760 ملیار دیناری دیاریکردووە و یەک گوژمەى لێ ناردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی و ئابووریی هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەو بڕە پارەیە بۆ مووچە کورتهێنانى دەبێت، بەو پێیەى مانگانە پێویستى بە زیاتر لە 980 ملیار دینارە بۆ مووچە بە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانیشەوە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، رێککەوتنى نێوان هەردوو وەزارەتى دارایی لەسەر گواستنەوەى بڕى 430 ملیار دینارە بۆ سەر مووچە لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى.
ئەو پارەیە لە خشتەى ژمارە 9 دەگوێزرێتەوە کە تایبەتە بە پارەى تەرخانکراوى چاودێریى کۆمەڵایەتى و بۆ ئەمساڵ بڕێک لەو پارەیە ماوەتەوە، کە بەتێکڕاى بۆ ساڵەکە زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار بووە.
9ـی کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت “ئێستا تیمەکانمان لە بەغدان بۆ چارەسەری کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی هەرێم و رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم بە وەزارەتی دارایی عێراق”.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: بڕیارە سبەى (چوارشەممە، 11ـی کانوونى یەکەم) رێکارەکانى گواستنەوەى پارەکە بکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەوەش کێشەى کورتهێنانى پارە بۆ مووچەى سێ مانگەکە چارەسەر دەبێت.”
لەئێستاشدا، وردبینى لە لیستى مووچەى مانگى تشرینى دووەم تەواو بووە و، ئامادەیە بۆ ئەوەى لە دواى ئەو گواستنەوەیە، بەغدا پارەى ئەو مانگەش بنێرێت.
ژێدەر
رووداو