کوردستانگرنگ

ئۆتۆمبێلی مەلیکە چۆن هاوردەی کوردستان کرا و کێ لەپشت هاوردەکردنێتی؟

لە هەرێمی کوردستان دەیان هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە، لەمەودوا لێخوڕینیان قەدەغەیە و لە هەر شوێنێک ببینرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت، ئەم بڕیارەش هاواری لە خاوەنەکانیان هەڵساندووە و هەر یەکێکیان پێنج بۆ حەوت هەزار دۆلار زیان دەکات، بەپێی زانیاریەکان یەکێتی لە هاوردەکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە 105 ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە.


ئۆتۆمبێلی مەلیکە، ناوە ڕاستەقینەكەی تۆیۆتا كراونە، ئۆتۆمبێلێكی جوانە و تایبەتمەندی باشی هەیە، بەڵام ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان هەن، بێ سەرەتان، هەموویان نا، بەڵام زۆربەی  ئۆتۆمبێلە مەلیكەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕینن كە بەپێی زانیارییەكان ژمارەیان زیاتر لە 35 هەزار ئۆتۆمبێلە لەو سنوورە.



لە شەقامەكانی هەولێر و دهۆك هیچ ئۆتۆمبێلێكی مەلیكە نابینرێ و نییە، چونكە قەدەغەیە و پۆلیسی هاتووچۆی هەر بیانبینێت دەستیان بەسەردا دەگرێت، لەبەر ئەوەی بێ سەرەتان و ژمارەشیان نییە و بە ڕێگەی قاچاخ هێنراون بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لە دەوروبەر و ناوچە دوورەدەستەکان هەن، وەکو ئاکرێ و چۆمان و سیدەکان و ..هتد. لەو ناوچانەش ناتوانن زۆری پێ بڕۆن و دەگیرێن.



لە چەند ڕۆژی ڕابردوو داواکاری گشتیی داوای لە تەواوی بازگەکانی سنووری سلێمانی کرد بەهیچ شێوەیەك ڕێگە بەو ئۆتۆمبێلانە نەدەن بچنە ناو سلێمانییەوە و دەستیان بەسەردا بگرن، بەڵێننامەش لە خاوەنەکانیان وەربگیرێت، بردنەدەرەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لە سنووری هەرێمی کوردستان نایاساییە.



دوێنێش لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی چەند بڕیارێكی سەبارەت بە قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان دەرکرد، بەپێی ناوەڕۆكی بڕیارەكان لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بچێتە ناو شاری سلێمانی، هاوكات ڕێككاری یاساییش بەرامبەر هەر ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا دەگیرێتە بەر و هیچ ڕێگەپێدان و نووسراوێک (واستە) لە هەر لایەنێکەوە بێت قبوڵ ناكرێت. 


هاوکات ئەمڕۆ مەفرەزەکانی ئاسایش و پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانیش دەستیان بە سەر ژمارەیەک ئۆتۆمبیلی مەلیکەدا گرتووە و هەڵمەتەكەیان بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵمەتە هاواری لە خاوەن مەلیكەكان هەڵساندووە، چونكە پارەیان پێداوە و ئێستاش ئەگەر دەستی بەسەردا بگیرێت، كورد گوتەنی پارەكەیان ئاو و ئاو دەچێت.



ئێستا خاوەنی مەلیكە ناتوانێ هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلەكەی بكات، هەر یەكەیان لە پەنایەك یان گەراجێك یان لە حەوشەی ماڵەكەی ڕایگرتووە، بەپێی بەدواداچوونێكی ئاڤا، دوای بڕیارەكە کڕین و فرۆشتن بەو ئۆتۆمبێلانە بە تەواوی ڕاگیراوە و لە مەعەرەزەکان مامەڵەیان پێوە ناکرێت.

ئۆتۆمبێلی مەلیکە چۆن هێنرانە کوردستان؟ لە ساڵانی ڕابردوودا سێ بازرگانی هاوبەشی سەر بە ئیدارەی گشتیی یەکێتی، نزیکەی 35 هەزار ئۆتۆمبێلی مەلیکەی سیکراب کە هەر دانەی بە هەزار دۆلار کڕدرابوو، لە وڵاتی ئیماراتەوە گەیاندیانە سنووری نەجەف، دواتر بۆ بەغدا و لەوێشەوە هێنرانە ناحیەی سەعدییە لە سنووری ماددەی 140، دواتر لە بازگەی کەلارەوە مەلیکەکان ئاودیوی سنووری سلێمانی کران.



ئەوکات ئیدارەی گشتی یەکێتی، فەرمانی بە بازگەکانی سنووری کەلار کرد ڕێگە بە هاتنە ناوەوە ئەو ئۆتۆمبێلە سیکرابانە بدرێت، هاوکات لە بەرانبەر هاوردەکردنی هەر ئۆتۆمبێلێکی مەلیکە، نزیکەی سێ هەزار دۆلار وەرگیراوە، بە کۆی گشتیش ئەگەر 35 هەزار مەلیکە هاوردە کرابێت، ئیدارەی یەکێتی 105 ملیۆن دۆلاری قازانج کردووە.



دوای ئەوەی بازرگانان سەرکەوتوو بوون لەوەی مەلیکەکان بگەیێننە سنووری سلێمانی، لە کەلار و قەڵادزێ پارچە سیکرابەکان لێکدراونەتەوە، دواتر بە پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار (50 بۆ 60 وەرەقە) لە بازاڕەکاندا فرۆشراون، تاوەكو پێش ئەو بڕیارەش نرخی هەر یەکێکیان هەر لە دەوروبەری 50 بۆ  70 وەرەقە بوو، بەڵام ئیدی لەمەودوا پێناچێت پارە بكەن.

ژێدەر

ئاڤا

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button