چاودێرێكی سیاسی رایگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕو گرنگە و هەر فراكسیۆنێكیش بەشداریی نەكات، ئەوا سیاسیی چەواشەكارن.
بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیرە كوردەكان لە حكوومەتی عێراق و سەرۆك فراكسیۆنە كوردەكان لە بەغدا بەڕێوە بچێت.
مەدحەت سلێمان چاودێری سیاسی رای گەیاند، هەر فراكسیۆنێك بەشداریی كۆبوونەوەی حكوومەت نەكات، واتا سیاسەتی چەواشەكارانەی بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان كردووە.
دەشڵێت، فەرموون بڕۆنە كۆبوونەوەكە پەنجە بخەنە سەر هەڵەكانی حكوومەت، ئەگەرنا لەمەودوا خۆتان مەكەنە پاڵەوانی سەر شاشەكان، هەروەها ئەگەر بەشدار نەبن واتا ئێوە بڕیارتان داوە تەنیا باوەڕ بە بەغدا بكەن.
ئاماژە بەوەش دەكات، ئەگەر بەشداریی كۆبوونەوەكە نەكەن، مانای وایە لە بەغدا دەمیان چەور كراوە و فەرمانیان پێ كراوە بەشداریی كۆبوونەوەكە نەكەن، هەروەها ئێوەیە نوێنەری خەڵكی كوردستانن دەبێ ڕاستییەكە بزانن، ڕاستیش بە گوێگرتن لە هەردوولا دیار دەكەوێ، ئەگەرنا بەر نەفرەتی خەڵكی كوردستان دەكەون.
ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرجەم لایەنەكان بانگێشت كراون، بەڵام یەكگرتوو و كۆمەڵ دەڵێن بەشداریی ناكەین، ئەوەیش وەك ئەوە وایە نەیانەوێ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان چارەسەر ببێت.