دەقی پەیامەکە:
ئەمڕۆ بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەمان بەوە دا کە بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە، دابینکردن و داکۆکیکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی و نیشتمانیی هەموومانە، بۆیە بانگهێشتنامەمان ئاراستەی هەموو فراکسیۆنە کورستانییەکان کرد و هیواداربووین هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەشداریان تێدا کردبا تاوەکوو پێکەوە بە ئاشکرا وڕووبەڕوو، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکان بکەین لەبەر ڕۆشنایی ڕاستییەکان.
دووپاتمان کردەوە کە ئەرکی نوێنەرانی هەرێمی كوردستانە، بەرگریی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بكەن . هەرچەندە ئێمە جیا لە شایستە داراییەکان، چەندین بابەتی نیشتیمانیی دیکەمان هەیە کە داکۆکی لەسەر بکەین وەک جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و چارەنوسی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی كوردستان، و ماف وشایستەکانی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی وقەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال وهەڵەبجە و قوربانیانی دەستی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو و خاپوورکردنی 4500 گوندی کوردستان، کە دەستووری عێراق بە دەقی ئاشکرا بڕیاری ئەم قەرەبووانەی داوە، کە ناكرێ ئێمە هەموو كێشە و داواکانی خۆمان لە بابەتی مووچەدا كورت بكەینەوە کە بە داخەوە بەغدا توانیویەتی كێشەكانی ئێمە بچووك بكاتەوە و سەرقاڵمان بكات بەوەی مانگانە مووچەی خەڵكی كوردستان دەدرێ یان نا.
هەروەها گوتمان، ئەم كۆبوونەوەیەی ئێمە گرنگە و ئەگەر ئێمە یەكهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بكات كە كوردستان جيددیە لەوەی پێداگیریی لەسەر مافەكانی خۆی دەكات، باوەڕ ناكەم بەغدا بتوانێت خەڵكی كوردستان پەراوێز بخات و ئەم داواكارییانەی كوردستان نادیدە بگرێ. بۆیە ئێمە نابێ بكەوینە ژێر كاریگەریی سیاسەتێكی نادروست كە ئامانجی ئەوەیە هەرێمی كوردستان بچووك بكاتەوە و مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بکات. بە داخەوە ئەو ڕەفتارەی ئێستا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، مامەڵەی فیدڕاڵیەت و قەوارەیەكی فیدڕاڵی نییە، چونکە لەگەڵ پارێزگایەكیش بەم شێوەیە مامەڵە ناكەن کە لەگەڵ هەرێم دەیکەین ، بۆیە ئەم ڕەفتارەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات، ڕەفتارێكی نادادپەروەرانەیە و دژ بە دەستووری عێراقە و ناگونجێت لەگەڵ سیستمی فیدڕاڵیی و قەبووڵكراویش نییە.
جەختمان کردەوە کە ئێمە دەبێ ئەم پەیوەندییە ڕاست بكەینەوە. دەستوورێكمان هەیە دەبێ پابەندی دەستوور بین و ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگیرێت. زۆرجار بەغدا ئێمە دەباتە بەر دادگای باڵای فیدڕاڵی، بە حیساب بڕیاری ئەم دادگایە بەهێزترە لەوەی هەندێك هەنگاو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بگیرێتە بەر، بەڵام بینیمان كە مامەڵەكردنیش لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی بە میزاجە. كەی لە بەرژەوەندیی ئەوان بوو هەمیشە پەنایان بۆ بردووە، بەڵام کە دادگای فیدڕاڵی بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان دابێت، پەراوێزیان خستووە.
دووپاتمان کردەوە کە ئێستا ئێمە دەمانەوێ ساڵی 2025 خەڵكی ئێمە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەدا ڕزگاری ببێت، چونکە شایستەی ئەوە نییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. خەڵكی ئێمە شایستەی ئەوەیە ڕێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەك هەموو خەڵكی تری عێراق. مووچە و شایستە داراییەکانی پێ بدرێت. ئێمە داوای یەكسانی و مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین و داوا دەكەین پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بكرێت.
دواتر بەڕێزان وەزیرانی دارایی و ئابووری ، سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، پلاندانان ، کاروباری پێشمەرگە ، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ، تەندروستی و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ، ڕاپۆرت و زانیاریی ورد پشت بەستوو بە خشتە وژمارەی دروست وبەڵگەنامە پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی نادادپەروەرانەی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و تاوتوێکردنی بابەتەکان، کۆبوونەوە جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان و هاوهەڵوێستی و هاوئاهەنگیی پێویستی نێوان لایەنە کوردستانییەکان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران كردەوە لە پێناو بەدەستهێنانی تەواوی ماف و شایستەکانی هەرێم لە بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی مووچە، هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق و لە کاتی خۆیدا و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووریی.
لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا:
یەکەم : حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن . بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەربکرێت.
دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.
سێیەم : لە ئێستاوە کار بکرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی ، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی ، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.