
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، هێزەكانی پێشمەرگە و جووتیارانی سنووری كەركووكی بەسەركردەوە و لەگەڵیان بەربانگی كرد و پەیامێكیشی ڕاگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ 2025-03-10، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، سەردانی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و لەگەڵ جووتیارانی سنووری كەندێناوەش كۆبووەوە و لە دەیەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بەیەكەوە بەربانگیان كرد.
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا گوتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند:
٠ پشتیوانیمان بۆ جووتیارانی سنوورەكە دووپات دەكەینەوە، هاوكات هەموومان قەرزاری ماندووبوون و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانین.
٠ واز لە بستێك خاكمان ناهێنین، بە هەڵە دەگوترێت ناوچە كێشەلەسەرەكان، ئەم ناوچانە كورستانین و داگیركراون و دەبێت ڕۆژێك كەركووك هەر بگەڕێتەوە سەر كوردستان و ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنە بەردەوامین کە بۆ پاراستنی جووتیاران داومانە
٠ یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان زۆر گرنگە.
٠ پێویستە بە دەستوور کێشەکانی ئەو ناوچانە چارەسەر بکەین و بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.