کوردستانگرنگ

6 هەزار هەڵگری بڕوانامە دادەمەزرێندرێن

هەفتەی داهاتوو نزیکەی 6 هەزار هەڵگری بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دادەمەزرێندرێن، بەشێکیان ئەوانەن کە خەڵکی ناوچەی مادەی 140ـن و لە هەرێمی کوردستان خوێندوویانە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی فیدراڵی دەشڵێت، لە داهاتوودا دەرچوانی هەرێمی کوردستانیش پشکیان لە دامەزراندن دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی رایگەیاند، “لە ساڵی رابردوودا لە کۆی نزیکەی 23 هەزار ناوی تۆمارکراوی هەڵگرانی بڕوانامە باڵا و یەکەمەکان، 17 هەزاریان لە دامودەزگاکاندا دامەزرێندراون و هەفتەی داهاتووش 5 هەزار و 903 کەسی دیکە دادەمەزرێندرێن.”

بە گوتەی سەعد لامی، “بۆ دامەزراندنی یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا، ساڵی دەرچوون مەرج نییە، بەڵکو مەرجەکان بێ کەموکوڕی بوونی بەڵگەنامەکانیان و  نەگەیشتنیانە بە تەمەنی خانەنشین بوون، کە 60 ساڵە.”

لەبارەی دەرچووانی ناوچەکانی مادەی 140 کە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان خوێندنیان تەواو کردووە، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دەڵێت، “بەدڵنیاییەوە لەو 17 هەزار کەسەی دامەزراون و لەو ژمارەیەش کە هەفتەی داهاتوو دادەمەزرێن، ناوی دەرچووانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانیشیان تێدان.”

سەرەتای ئەم ساڵ چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی و ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. سەعد لامی لەو بارەیەوە گوتی: “یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوانە، ئاسانکردنی پرۆسەی بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لەسەر دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بووە، چ ئەوانەی لەناو هەرێمی کوردستان نیشتەجێن یان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.”

لامی ئاشکراشی کرد، “بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا، دەرچووانی هەرێمی کوردستان پشکی خۆیان لە دامەزراندنەکاندا دەبێت.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button