
ڕۆژنامەنووس بەشدار بازیانی دوای 28 ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازادکرا تاوەکو کاتی دادگایی کردنەکەی.
28 ڕۆژ لەمەوبەر هێزێکی ئەمنی سلێمانی لە سێ شوێنی جیاواز دەچنە سەر ماڵی سێ ڕۆژنامەنووس (بەشدار بازیانی، دانا ساڵح و نەبەز شێخانی) و هەرسێکیان دەستگیردەکەن، ڕۆژێک دواتر دووانیان بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار ئازادکران، ئەمڕۆش بەشدار بازیانی ئازادکرا.
بەشدار بازیانی دوای ئازادبوونی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، “دەستمان بۆ هەندێک بابەتی هەستیار برد کە زیانی بە ئاسایشی نیشتمانی گەیاندووە، بە مەبەست نەبووە و نەمانزانیوە، داوای لێبووردن دەکەین.”
کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان رایگەیاند، “بەشدار بازیانی بە کەفالەتی یەک میلۆن دینار ئازادکراوە، بڕی کەفالەتەکەی لەلایەن خانەوادەکەیەوە دابینکراوە، تاوەکو ڕۆژی دادگایی کردنەکەی.”
بەگوێرەی بەدواداچوونەکان دوای جەژن بەشدار بازیانی دادگایی دەکرێت لەسەر چەند کەیسێک، بەڵام هێشتا وادەی دانیشتنی دادگە و کەیسەکان ڕووننەکراونەتەوە.