کوردستانگرنگهەواڵ

وەزارەتی دارای وادەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی چوار ئاشکراکرد

هەنگاوەکان بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی چوار دەستیپێکرد و سیستمی پەیرۆڵ كارا بووە، وەزارەتەکان دەبێت لەماوەی چوار ڕۆژدا گۆڕانکارییەکان تەواو بکەن و وەزارەتی داراییش دەڵێت پێش 15ـی مانگ لیستەکە تەواو دەبێت و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
 هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا بەردەوامە تا دێت هەنگاوەکان خێراتر دەبن و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا ڕێکارەکان تەواو دەبن و لیستی مووچە ئامادە دەکرێت.

ئەمڕۆ یەك شەممە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی سیستمی پەیرۆڵی بۆ یەكە ژمێریارییەكانی سەر بە وەزارەت و دەستەكان كاراكردووە و داوای لێكردوون لەماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا لیستی مووچە ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی لە 20ـی مانگەوە دەست بە خەرجکردنی پارەکە بکرێت.

 سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “هاوشێوەی مانگی ڕابردوو بۆ ئەم مانگەش داتا و زانیارییەكان بە خێرایی و كەمتر لەماوەی چوار ڕۆژ داخڵی سیستمەكە دەكرێت و دواتر شاندێكی تەكنیكی وەزارەتی دارایی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ دەكات، بە دڵنیاییەوە پێش 15ـی مانگ لیستەکە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.”

تەنیا لیستی مووچەی خانەنشینان دوادەکەوێت، ئەوەش بەهۆی تەواوبوونی مامەڵەی نوێی خانەنشینان و تۆمارکردنیان لە لیستی مووچە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button