
پارێزگاری هەولێر خەڵک دڵنیا دەکاتەوە پرۆژەی دوو سایدی نێوان هەولێر بۆ کۆیە نەوەستاوە، لە قۆناغێکی باشدایە کارى بڕین و پڕکردنەوەی بەردەوامە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، “لە چوارچێوەى گرنگیدانى كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە رێگه و بان، بە بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، بە گوژمەی زیاتر لە ( 403 ملیار دینار ) دەست کرا بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە”.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: لە ئێستاشدا بە چڕی و بەردەوامی کاری بڕین و پڕکردنەوەی ڕێگاکە لە کەسنەزانەوە تاکو شەقامى حاجى ووسو و دێگەڵە تێپەڕیوە و بەردەوام دەبێت تا دەگاتە کۆیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: درێژى پرۆژەکە 38 کیلۆمەترە و بەشێوەیەكی گشتی پردێکی 250 مەتری و 5 ئۆڤەرپاس و دوو ناوەندی بازرگانی لەخۆ دەگرێت و بە تەواوبوونی ڕێگاكە، ماوەی نێوان ئەو دوو شارە كەمدەبێتەوە.
لە 10ی 10ی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناغەی پڕۆژەکەی دانا.