
ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی دەڵێت: لە ئایندەیەکی نزیکدا دوو گەڕەکی دیکەی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی ڕووناکی پێدەگات، دەشڵێت: پرۆژەی ڕووناکی زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتییان، لەبارەی نرخی کارەباش لە پرۆژەی ڕووناکی، دەڵێت: پرسی نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی زیاد لە پێویست گەورە کراوە.
دووشەممە 28ـی نیسانی 2025. ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە کۆتایی ئەم هەفتەیە دوو گەڕەک لە سلێمانی کارەبای دەبێت بە 24 کاتژمێری، پرۆژەکەش بەردەوام دەبێت تاکو هەموو شاری سلێمانی کارەبای دەبێتە 24 کاتژمێری.
لەبارەی ئامانجی پرۆژەکەش، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای سلێمانی گوتی: پرۆژەی ڕووناکی پرۆژەیەکی گرنگە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان، پێشم وایە ئەو ترسەی لە نرخی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی دروستکراوە، زیاد لە پێویست گەورە کراوە چونکە بەو شێوازە نابێت کە زۆر باس دەکرێت، ئومێدی کرد ئەو نرخەی لە کۆتاییدا دەچێتە بواری جێبەجێکردن لە ئاستی بژێوی سەرجەم هاووڵاتییاندا بێت.
ئەنوەر حەمە سەعید گوتی: بەپێی زانیارییەکانی ئێمە هەمانە، هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کەمتر لە هەزار کیلۆ وات کارەبا بەکاردێنن، ئەو پارەیەی کە ئێستا دەیدەن بە کارەبای موەلیدە و کارەبای نیشتمانی، هەر ئەوەندە دەدەن بە کارەبای پرۆژەی ڕووناکی.