جیهانکوردستانگرنگهەواڵ

شاره‌زایەكی بواری وزه‌ باس لە گرنگی ڕێككەوتنەكەی هەرێم و كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەکات بۆ داهاتوو

شاره‌زایه‌كی بواری نەوت و وزه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت و غاز لە ئه‌مه‌ریكا بۆ داهاتووی كوردستان گرنگ و پێویستن. ده‌شڵێت: “ماوەی چەندین ساڵە غازی سروشتی چەكێکی کاریگەرە لە جیهاندا و هێندە کاریگەرە ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، ئەوا دەستكەوتی گەورە بۆ خاوەنەكەی بەدی دێنێت.”

به‌رهه‌م گه‌ردی، شاره‌زای بواری نەوت و وزه‌ رایگەیاند: “بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە ڕێوڕەسمێکدا دوو ڕێککەوتننامەی بواری وزە لەنێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی و وێستێرن زاگرۆس) واژۆ كران. بەهای ڕێککەوتنەکان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت. تا دێ پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و ئیدارەی نوێی ئەمریکا جیاوازتر لە ئیدارەی پێشوو گرنگیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدات و بەردەوامە لە پاڵپشتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کەرتی وزە، کە لەم ڕێگەوە دەکرێ کوردستان بچێتە قۆناغێکی نوێوە لە ناوچەکە، ماوەی چەندین ساڵە غازی سروشتی چەكێکی کاریگەرە لە جیهاندا و هێندە کاریگەرە ئەگەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا کرابێ، ئەوا دەستکەوتی گەورەی بۆ خاوەنەكەی بەدی هێناوە!“

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: ”ئه‌م گرێبه‌سته‌ له ‌رووی ئابوورییه‌وه زۆر گرنگه‌ بۆ داهاتووی كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌،‌ هەناردەكردنی غازی سروشتی واتە بوون بە بەشێك لە (پەیوەندیی هێز)ی نێوان بەرهەمهێنەرانی غازی سروشتی و كڕیارەكانی. بازرگانیی غازی سروشتی تا رادەیەكی زۆر بە سیاسەت بارگاوی بووە، بووەتە كەرەستەیەكی پیادەكردنی سیاسەتی دەرەوە لەنێوان كڕیاران و فرۆشیاراندا، ئەمەش بێگومان كاریگەریی لەسەر كوردستان دادەنێ لە حاڵەتی هەناردەكردنی غازی سروشتیدا.”

گوتیشی: “خۆشبەختانە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم کەرتە گرنگە کردووە، بانگهێشتکردنی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی كوردستان بۆ واشنتۆن ئاماژەی سیاسیی گەورەیە بەوەی كە ئیدارەی نوێی ئەمریکا مەبەستیەتی کەرتی وزە لە ناوچەکە و جیهان رێک بخاتەوە. بۆ قۆناغی سەرەتاش لە ڕێگەی غازى هەرێمی کوردستانەوە عێراق لەبن هەژموونی دەرەکی دەربێنێت، بەوەی چیتر بۆ کڕینی غاز و بەکارهێنانی بۆ کارەبا ملکەچی ئێران نەبێت، کە ئێستا ساڵانە بایی نزیکەی شەش ملیار دۆلار غاز لە ئێران دەکڕێت.“

به‌رهه‌م گه‌ردی، ئه‌وه‌شی خسته ‌روو: ”بۆ هەنگاوی ئایندەش، بە ڕوانین لە قەبارەی گرێبەستەکان کە وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، دەگاتە نزیکەی ۱۱٠ ملیار دۆلار، ئەوا بەشێکی دیكەی گرنگی ئەم دوو ڕێکكەوتنەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان، بۆ ئایندە دابینکردنی بەشێک لە پێویستیی غازی ئەورووپایە کە پشتی بە غازی رووسیا بەستووە.”

ئه‌و شاره‌زایه‌ ده‌شڵێت: ”ئەمڕۆ دەبینین هەرێمی کوردستان لە چاوی ئەمریکییەکان و ئەورووپایە تاکە جێگرەوە دەتوانێت ئەو فشارانە لەسەریان کەم بکاتەوە، وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپاش یەكێك لەو بازاڕانەیە كە هەرێمی كوردستان چاوی تێبڕیوە و دەیەوێت غازی سروشتیی خۆی هەناردە بكات. لەو رووەوە ئەورووپیەکان بازاڕێكی گەورەی غازی سروشتیین، هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا دوای ساڵی ٢٠٢٣ هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی غازی سروشتی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ڕێژەیەکی بەرچاویان کەم کردووەتەوە، بەڵام هێشتا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکان و کارەبا پێویستی زۆریان بۆ غازی سروشتی هەیە.“

‎له‌باره‌ی گرنگیی هه‌ردوو گرێبه‌سته‌كه‌وه‌، ئەو شارەزایەی بواری نەوت و وزە گوتیشی: ”لە رێگەی ئەم گرێبەستانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی (ئێچ کەی ئێن) و (ویسترن زاگرۆس) کردوویەتی، دەتوانن لەداهاتوودا کاریگەری دروست بکەن لەسەر بازاڕی غازی سروشتی، سیاسەتی دروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیە لە واقعی ئیدارەی نوێی ئەمریکا گەیشتووە و هەنگاوەکانی هاوتەریبی سیاسەتی وزەی ئەمریکایە لە ناوچەکە، ئەمەش وای کردووە ڕۆژ بەڕۆژ پێگەی هەرێمی کوردستان لە کەرتی وزە بەهێزتر بێت. غازى سروشتیی کوردستان دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەكی نوێ بۆ بازاڕەكانی وزە، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە بازاڕە ناوچەیی و جیهانییەكاندا دروست دەبێت.“

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button