جیهانکوردستانگرنگهەواڵ

سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا پەیوەندییەکانی بردە قۆناغێکی پێشکەوتووتر

سەرۆکی پێشووی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی: سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەباتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتووتر.

دڵشاد میرانی، سەرۆکی پێشووی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، ڕایگەیاند “پەیوەندی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا مێژوویەکی دووری ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سێ دەیەی ڕابردوو، ئەم پەیوەندییە چەند قۆناغێکی بڕیوە، قۆناغی یەکەم لە ساڵی ١٩٩١ ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئەمنی دامەزراند، ئەمە پەیوەندی بە لایەنی مرۆییەوە ھەبوو، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ ھەرێمی کوردستان بووە بەشێک لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ ھاوپەیمانان هەبوو، پەیوەندیەکانی بردە قۆناغێکی دیکە، لە شەڕی دژی داعشیش عێراق لە ھێزێکی دڕندە ڕزگار کرا، ئەمە ھەمووی ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵ ئەمریکا بەرەو پێشەوە چوون، ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتیش بۆ ئەمریکا پەیوەندی ھەرێم و ئەمریکای بردە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتوو، بۆیە لەم سەردانە نەک تەنیا ھاوکاریی سەربازی و مرۆیی کە پێشتر هەبووە، ئەمجارە ھەنگاوێکی سیاسیی ئابووریی بردە پێشەوە، بۆیە لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندی ھەرێم و ئەمریکا ڕێگایەکە بۆ پەرەپێدانی لەگەڵ عێراق کە پێشتر ئەمریکا لەڕێگەی عێراق پەیوەندیان لەگەڵ ھەرێم دەکرد، ئێستا گۆڕاوە، لە ئیدارەی تازەی ئەمریکا لەڕێگەی ھەرێم تەماشای پەیوەندی ئەمریکا و عێراق دەکەن، بۆیە گرنگی زۆریان بە ھەرێمی کوردستان داوە.”

دڵشاد میرانی گوتیشی “ئێستا ئەمریکا تەماشای عێراق دەکات، ھەر چەند پەیوەندی لەگەڵ ھەرێم باشتر بێت، پەیوەندی ئەمریکا و عێراقیش باشتر دەبێت، لەمەودوا ئەگەر عێراق پەیوەندی لەگەڵ ھەرێم باش نەبێت کاریگەری لەسەر پەیوەندی عێراق و ئەمریکاش دەبێت، بۆیە ھەرێم بۆتە سەنگی پەیوەندی عێراق و ئەمریکا.”

دەشڵێت “ئەو دوو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کراوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی غاز و نەوت و وزەی ھەرێم کاریگەری زۆری دەبێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و ھەنگاوێکە ئابووری ھەرێمی کوردستان و سەنگی ھەرێم لەسەر نەخشەی جیھان زۆر بەرەوپێش دەچێت، چونکە ئابووری بەنیسبەت ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا زۆر گرنگە و ڕێگا خۆش دەکات بۆ پەیوەندی سیاسی، بۆیە سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ ئەمریکا لە کاتێکی گرنگ بوو، چونکە ناوچەکە لە گۆڕانکاری دایە و ھەرێمی کوردستانی قۆناغێکی باش بردە پێشەوە.”

میرانی ڕوونیشی کردەوە “ئەو گرێبەستانەی کراون لە بەرژوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستاندان، بەداخەوە لەم ١٥ ساڵەی دوایی، لە عێراق ھەموو ھەوڵێکیان داوە دەست بەسەر ھەرێم دابگرن و لەڕووی ئابووری لەمپەری بۆ دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئابووری ھەرێم نەچێتە پێشەوە، ئەمەش بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنییە، خۆیان وەکو عێراق شکستیان ھێناوە بۆ چارەسەری وزە، غاز لە وڵاتانی دیکە ھاوردە دەکەن، ئەم ھەنگاوەی ھەرێم ڕێڕەوەکە ڕاست دەکاتەوە و سوودی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت، ھیوادارین ببێتە وانەیەک بۆ عێراق و ئەوانیش سوود لە وزەی خۆیان وەربگرن.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button