
تیمی وردبینی وەزارەتی دارایی عێراق، دوای سێ ڕۆژ لە وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پرۆسەکە تەواوبوو. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، “هیچ تێبینییەک لەسەر لیستی مووچە نەبووە.”
سێ ڕۆژە لیستی مووچەی مانگی پێنج ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەرکەکانی سەرشانی کە خۆی دەبینێتەوە لە ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی پێنج و داهاتی نانەوتی و تەرازووی پێداچوونەی مانگی چوار جێبەجێکردووە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە ئەوەیە بڕیاری خەرجکردنی پارە بدرێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “وردبینی و پێداچوونەوەی لیستی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بووە، بەغدا هیچ تێبینییەکی لەسەر لیستەکە نەبووە و تەنیا خەرجکردنی پارەکە ماوە.”
گوتیشی: “ئەو وردەکارییانەی پێشووتر دەبوونە هۆی وەستاندنی خەرجکردنی پارە، سەرجەمیان چارەسەر کراون، ئەگەر پارەی مووچە خەرج نەکرێت، هیچ هۆکارێکی تەکنیکی لە پشتەوە نییە.”
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی پێنج داوای 975 ملیار دیناری کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە بۆ مووچەی مانگی چوار بەغدا 959 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نارد.