
هەموو ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی پۆلی 12ـی بنەڕەتی تەواو کراون و داوا دەکرێت قوتابییان پێشوەختە سەردانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بکەن.
سبەی یەکشەممە، تاقیكردنەوەی بەشی زانستیی بە وانەی (زیندەزانی) و بەشی وێژەیی بە وانەی (مێژوو) دەستپێدەكات، سەرووی دوو هەزار هۆڵ ئامادەكراون بۆ بەڕێوەچوونی تاقیكردنەوەكان.
نورەدین عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان لە هۆڵ و کارەبا و دابینکردنی لایەنی ئەمنی تەواو کراون و هەموو شتێک ئامادەییە، داوا لە قوتابیان دەکەم ئەمڕۆ سەردانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی ناویان. لە کاتی بوونی هەر کێشەیەک پێویستە بەڕێوەبەرایەتی ئەزموونەکان ئاگادار بکرێتەوە و بە زوویی گرفتەکە چارەسەر دەکرێت.
تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەی بنەڕەتی لە کاتژمێر 7:30 دەستپێدەکات، ژمارەی قوتابییانی بەشداربووی بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی 115 هەزار و 787 قوتابییە و دابەشی سەر زیاتر لە دوو هەزار هۆڵ کراون.