
هۆشیار زێباری دەڵێت، بڕیاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو سیاسی و بەرنامە بۆ درێژراوە و لێکەوتەی دەبێت.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی بڕیاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان دەپرسێت: “دەبێت بەرژەوەندی بەڕێز سوودانی و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی دەسەڵاتدار چی بێت لە تەقینەوەی قەیرانی بابەتی پارەی مووچەی فەرمانبەران بەدیاریکراوی لەم کاتەدا؟ وڵات هەڵبژاردنێکی نیشتمانی لەپێشە؟”
چوارشەممەی هەفتەی رابردوو 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی “تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە.”
رۆژی 29-5-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: “ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتییەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی”.
هۆشیار زێباری دەڵێت: “رەنگە پرسی تەکنیکی هەبن، بەڵام بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی بڕیارێکی تەواو سیاسی و بەرنامە بۆ درێژراوە دژی هەرێمێکی دەستووری؛ بێگومانیش لە داهاتوودا لێکەوتەی دەبێت”.