لە هەرێمى کوردستان ٦ خانەى بێسەرپەرشتان هەیە، کە دەکەونە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانى و دهۆک، بە گشتى نزیکەى ٣٠٠ کوڕ و کچى لەخۆگرتووە. گوتەبێژى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتىش دەڵێت ” حکومەت لەڕێگەی خانەی بێسەرپەرشتانەوە هەوڵیداوە ئەو منداڵانە بگرێتەخۆ کە بەهۆی کێشەی خێزانی و یاساییەوە لە دایک و باوکیان دوورکەوتوونەتەوە”.
سۆز و خۆشەویستی:
لەبارەى خزمەتگوزارییەکانى نێو خانەکان، ژینۆ ئازاد ئەحمەد، شەرپەرشتیاری خانەی بێسەپەرشتان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر رایگەیاند، ئەم خانەیە لە هەردوو بەشى کچان و كوڕان پێکهاتووە کە له بهشی كچان ٢١ کەسی نێوان ٣ بۆ ١٦ ساڵى تێدایە و ئەم منداڵانە لەڕووى خواردن، خوێندن، یارى، مانەوە و تەندروستییەوە بەردەوام چاودێرى دەکرێن.
سەبارەت بە خزمەتکردنى ئەم منداڵانە ئەوەی گوت: کە وەک منداڵ و کەسوکارى خۆى سەیریان دەکەن و “کات” لاى ئەوان پێناسەنەکراوە و هەر دەمێک کە پێویست بێت لە خزمەتیاندایە و لەگەڵیاندایە.
لەسەر ئاستی چاودێریی تهندروستی و كوالێتیی خواردنهكان، باسى لەوە کرد کە ئەوان سهر به وهزارهتی كار و كاروباری كۆمهڵایهتین و لێژنهی تایبهت به خۆراك و تەندروستىیان هەیە و بهردهوام چاودێری دەکرێن.
زۆربهی منداڵەکان بههۆی كێشهی خێزانییهوه لە خانەی بێسەرپەرشتانن، زۆربهیان دایك و باوكی خۆیان ههیه، بهڵام دایك و باوكهكان زۆر جار له چاكسازییهكانن، تۆمهتبارن به ماددهیهكی یاسایی، لهوێ بهگوێرهی تاوانهکانیان هەردووک یا یەکێکیان سزادراون و ئەویتریان ئامادە نییه منداڵهكان بهخێوبكات، بۆیه منداڵهكانیان بە پێى یاسا دەبرێنە بەڕێوەبەرایەتییەکانى چاودێرى کۆمەڵایەتى.
شەرپەرشتیاری خانەی بێسەپەرشتان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر، ئەوەش دەڵێت: بەهۆى ئەوەى یەکێک لە دایک و باوکەکان هاوسەرگیریان کردووەتەوە، ئامادە نین منداڵەکەیان بگرنە خۆیان، بۆیە لەڕووى سۆز و عەتفەوە كێشهیەکى گەورە بۆ منداڵەکان دروستدەبێت. پێشتر ئەم حاڵەتانە دەگمەن بوون، چونکە ئەگەر دایک و باوکەکەش نەبوایە ئەوا کەسوکارەکەى دەیانگرتە خۆى، کەچى ئێستا نەک ئەوان بەڵکو خزمە یەکەمەکانیشى نایگرنە خۆیان، بۆیه ئهركهكهی كهوتووهته سهر حكومهت، بهدڵنیاییهوه ڕۆڵی دایك و باوك و كەسكواری بینیوه بۆیان.
تەندروستى منداڵەکان:
هەر منداڵێک کە بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتى و یاساییەوە دەهێنرێتە خانەکان، سەرەتا پشکنینى بۆ دەکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت هیچ جۆرە نەخۆشییەکى کورتمەودا و درێژخایەنى هەیە، چوونکە تێکەڵ بە منداڵەکانى دیکە دەکرێن، حکوومەت لەڕێگەى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە ئەم پشکنینانەى کردووەتە ناچارىی بۆ هەموو منداڵێک و ئەگەریش لەکاتى مانەوەى ئەو کوڕ و کچانەى نێو خانەکە نەخۆش بکەون، ئەوا چارەسەر دەکرێن.
پاک و خاوێنی خانەکان:
لەبەرئەوەى خانەکان منداڵیان تێدایە و بەردەوام تیایدا دەمێننەوە و هەندێجاریش گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، پێویستە خاوێن ڕابگیردرێن تا تووشى کێشە نەبن، بۆیە سەرپەرشتیاران و دایەنەکان و دادەکان (بە گوتەى خودى منداڵەکان)، خانەکان بە ماڵى یەکەمى خۆیان دەزانن و سوورن لەسەر خاوێنى شوێنى خواردن و یارى و مانەوەى منداڵەکان.
خەلیل میکائیل، بەڕێوەبەرى کۆمەڵایەتى چاودێرى دهۆک، لەم بارەیەوە دەڵێت: بەردەوام خزمەتگوزارەکانمان کار دەکەن بۆ ئەوەى لەنێو شەڵتەر و خانەکان کار بکەن و ئەگەر پێویست بە دەرمانى گەنبڕ (دەرمانێکی تایبەتە بۆ بنبڕکردنی بۆن ناخۆش) ئێمە کارى لەسەر دەکەین و هاوینانیش دەرمان ڕشێنى (دەرمانێکی تایبەتە بە قڕکردنی زیندەوەرەکان) شوێنەکان دەکەین بۆ دووربوون لە مار و مەگەز و مێشوولە، ڕۆژانەش خزمەتگوزارییەکانى خاوێنکردنەوە جێبەجێ دەکرێن.
خوێندنی منداڵەکان:
لەنێو ئەم خانانە زۆر منداڵ ههن كه تهمهنی گهیشتووهته ٩ ساڵ بۆ ١٠ ساڵ و خوێندەوارى نییە و لە نێو خێزانەکەى نەخراوەتە بەر خوێندن و یان لەبەر كێشهی خێزان؛ی منداڵهكهیان بیر چووهتهوه… لە خانەکان ئەو منداڵانە دەخرێنەوە بهر خوێندن.
شەرپەرشتیاری خانەی بێسەپەرشتان لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کۆمەڵایەتیی هەولێر، باس لەوە دەکات: لێره جگە لەوەی کە نان، ئاو و جلوبهرگ بۆ منداڵەکان دابیندەکرێن، بەپێچەوانەوە ئهوهی زۆر بۆ گرنگە ئەوەیە کە منداڵهكه بخرێتەوە بهر خوێندن.
دەشڵێت: زۆر جار ههوڵی ئهوهمان داوه لهرێگهی بهڕێوهبهر و بهڕێوهبهری گشتییەوە؛ ئیش بۆ منداڵهكان بدۆزینەوه، بۆ ئهوهی كه تهمهنیان دهگاته ١٧ و ١٨ ساڵ نەکەونەوە سهر شەقام و بهگوێرهی ئهو بوارهی خۆی حهزی پێیهتی، ئیشی بۆ بدۆزینەوە و کار بکات.
لە هەرێمى کوردستان نزیکەی ٣٠٠ کوڕ و کچ لە خانەکان دەمێننەوە و حکومەت لەڕێگەی ٦ خانەی بێسەرپەرشتانەوە لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی ئەو منداڵانەی گرتۆتەخۆ.
لێنزنیوز – هەولێر