
ئەمڕۆ دووشەممە 6/16، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هەموو پشتیوانییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی تایبەت و دۆستانەی نێوان دەوڵەتی ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی خەڵک و سەرکردایەتیی ئیمارات دووپات کردەوە.
هەڵسورێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات، سڵاو و ڕێزی سەرۆکی ئیمارات شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان و جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیران شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتووم بە سەرۆکی حکومەت گەیاند و جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.