
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات، بەپێی پێویستیی خۆیان خۆراک بکڕن، “چونکە هیچ مەترسییەک نییە” و تاوەکو ساڵی داهاتوو خۆراکی پێویستیان هەیە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان راگەیاند: “تاوەکو ئێستا سنوورەکان دانەخراون، ئەمڕۆ سەردانی بەشێکی زۆری کۆگاکانی هەولێرمان کردووە، هیچ مەترسییەک نییە، ئەگەر دەروازەکانیش دابخرێن، تاوەکو ساڵی داهاتووش خۆراک هەیە.”
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، نرخی هەموو خۆراک و کەلوپەلێک وەک خۆیەتی و بازرگانان ناتوانن زیادی بکەن. باسی لەوەش کرد: “هاووڵاتییان خۆیان هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، چونکە بە لێشاو روو دەکەنە مارکێتەکان و خواست بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەڕوو و بەرزبوونەوەی نرخ.”
لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سێ دەروازەی فەرمی و نێودەوڵەتی هەن؛ پەروێزخان و باشماخ لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر.
لەبارەی هاتووچۆی بازرگانی، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “هەموو شتێک زۆر ئاساییە، ئەمڕۆش کۆمەڵێک بارهەڵگر خۆراک و پێداویستییان هێناوەتە هەرێمی کوردستان.”
وەکو نەوزاد شێخ کامیل گوتی، کۆگاکانی کەرتی تایبەت و حکومیش پڕن لە خۆراک. گوتیشی: “ئێستا بەشە خۆراکی مانگی سێ و بەشە ئاردی مانگی پێنج دابەش دەکرێن.”
لە 13ـی ئەم مانگەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێ کردووە و بەردەوامە، بەهۆیەوە چەند شارێکی رۆژهەڵات و کوردستان بۆردوومان کراون.