
لە سنووری ناحیەی بنگردی سەر بە قەزای دووکان و قەزای شارباژێر لەلایەن چەند هاووڵاتییەکەوە درۆنێکی قەبارە بچووک دەدۆزرێتەوە کە گومان دەکرێت لەئاسمانەوە کەوتبێتە خوارەوە، لە ماتۆڕێکی بچووک و پەروانەیەک پێکهاتووە و تائیستا نازاندرێت درۆنەکە درۆنی کام وڵاتە.
بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بەهۆی هەڵکەوتەی سنووری کوردستان، لە ئەنجامی بۆردوومانی بەردەوامی هەردوولا، لەچەند ناوچەیەکی کوردستان درۆن کەوتوونەتە خوارەوە و تا ئێستا ڕووداوی نەخوازراوی لێنەکەوتووەتەوە .
محەممەد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد ڕایگەیاند” ئەو ناوچەیەی درۆنەکەی لێکەوتووەتە خوارەوە بەدیاریکراوی کوێستانەکانی سنووری گوندی گۆمەزەڵ وسنووری شارباژێر دەگرێتەوە، هێزە ئەمنیەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوتوە درۆنەکە قەبارەیەکی زۆر بچووکی هەبووە و لە ماتۆڕێکی بچووک و پەروانەیەک پێکهاتووە، درۆنەکە هێندەی ماتۆڕێکی ئاو دەبێت.
بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد ئاشکراشی کرد، بەهۆی ئەوەی هیچ ناونیشانێک لەسەر درۆنەکە نەبووە، نازاندرێت لەکوێیوە هاتووە و هی کام وڵات و لایەنە، هاوکات هیچ زیانێکی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا نەهێناوە و ناوچەکەش چۆڵ و دوورە لەشوێنی نیشتە جێبوون.