
لە سنووری قەزای سیدەکان مین بە گەنجێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا. بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە هەولێر دەڵێت: گەنجەکە بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵات سەردانی شوێنەکەی کردبوو.
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند “بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28-06-2025، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵان لە کوێستانی سەرووکە، لە سنووری قەزای سیدەکان، بەر مین کەوت و گیانی لە دەست دا.”
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا “گەنجەکە ناوی (عوسمان سددیق)ـە، دانیشتووی گوندی خۆڕانە و بە مەبەستی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات سەردانی کوێستانی سەرووکەی کردبوو.”
وەکوو ئەوەی عەلی عەبدولڕەحمان باسی کرد، ئەو شوێنەی ڕووداوەکەی لێ ڕووی داوە، ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنییە و نابێت بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییان بۆی بچن، بەڵام بەشێکی خەڵکی بە تایبەت ئەوانەی ئاژەڵدارن، سەردانی شوێنەکە دەکەن و داوتر زۆر جار مین پێیاندا دەتەقێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، قووڵایی شوێنی ڕووداوەکە، نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت و دەکەوێتە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەبەر هۆی ئەمنی، ڕووپێوی بۆ نەکراوە و لە مین پاک نەکراوەتەوە.
بە گوتەی عەلی عەبدولڕەحمان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر پێنج کەس و لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، حەوت کەس بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە.