کوردستانگرنگهەواڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی وادەی دەنگدان لەسەر ناردنی مووچە ئاشکراکرد

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەولێر و بەغدا ئەمڕۆ یاخود سبەی دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی. دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی حوزەیرانی 2025 رایگەیاند، شەوی رابردوو گفتوگۆکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەردەوام بوون، ئەمڕۆش درێژەیان هەیە.

شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.

شێروان دووبەردانی گوتی، “ئەگەری هەیە ئەمڕۆ، یاخود سبەی هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.”

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار بدرێت.

رۆژی 28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو، “وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە.”

رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button