کوردستانگرنگ

کەی بەغدا و هەولێر رێکدەکەون لەسەر هەناردەکردنی نەوت

هەولێر و بەغدا نزیکن لە ڕێککەوتن و ئەگەر هەیە، سبەینێ بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکانی هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕاگەیاند “سێ ڕۆژە شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و تا ئێستا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی باڵا, لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کردووە. بڕیارە کاتژمێر 01:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دووشەممە، 30-06-2025، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ کۆ ببێتەوە.”

ئاماژەی بەوەش دا “هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕێککەوتن، بەڵام هەندێک خاڵی ناکۆک ماون، دەبێت چارە بکرێن. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت. هەمواری یاسای گشتیی بودجەی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە، ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، بەڵام بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی ئێستا کراوە، ڕۆژانە نزیکەی 280 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەکرێت و 120 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش، بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت.”

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد “خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی نێوان هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە کە بە نزیکەیی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و بەهۆی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی پاریس لە ساڵی 2023ـەوە کەڵەکە بووە. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ڕێککەوتن لەسەر ئەو خاڵەش بکرێت، چونکە کۆمپانیاکان ئامادە نین، بەبێ وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان، دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەن.”

هاوکات  سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سبەینێ سێشەممە، 01-07-2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی پێنج بنێردرێت.  

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button