جیهانگرنگهەواڵ

ترەمپ: رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوو رێککەوتن بکرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی ئەرێنیی حەماس بۆ پێشنیازی ئاگربەست بە هەنگاوێکی “باش” ناودەبات و دەڵێت، رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێک لەبارەی غەززەوە بکرێت، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێشتا لە وردەکاریی دانوستاندنەکان ئاگادار نییە.

لە رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممە، 5ـی تەممووزی 2025 (بە کاتی کوردستان) لە سەروبەندی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە گوتی کە پێشوازی لە هەڵوێستی حەماس دەکات.

ترەمپ گوتی: “باشە، ئەمە شتێکی باشە،” لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاردانەوەی حەماس. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، “دڵخۆشکەرە کە حەماس رایگەیاندووە بە رۆحێکی ئەرێنی وەڵامی پێشنیازی ئاگربەستی داوەتەوە.”

سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کرد رێککەوتنەکە نزیک بێت و گوتی: “رەنگە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنێک لەبارەی غەززەوە هەبێت،” بەڵام لە هەمان کاتدا روونیکردەوە کە زانیاریی وردی لەسەر دانوستاندنەکان نییە و گوتی: “تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکم لەوبارەیەوە پێنەگەیشتووە و ئاگاداری دۆخی ئێستای دانوستاندنەکان نیم.”

سەبارەت بە دۆخی غەززە، ترەمپ جەختی کردەوە: “پێویستە شتێک لەبارەی غەززەوە بکەین، ئێمە پارە و هاوکارییەکی زۆر دەنێرین.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دۆناڵد ترەمپ باسی لە دەستکەوتەکانی سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆی کرد و لەبارەی ئێرانەوە گوتی: “ئێمە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانمان بە تەواوی لەناوبرد.”

هەروەها بەڵێنێکی نوێی دا بۆ پاراستنی ئاسمانی ئەمریکا و رایگەیاند: “کار لەسەر دروستکردنی گومەزێکی زێڕین دەکەین بۆ بەرگریی ئاسمانی لە وڵاتەکەمان، بۆ ئەوەی لە دوژمنان بمانپارێزێت، کە گەورەتر و بەهێزتر دەبێت لە گومەزی ئاسنین.”

ترەمپ “شانازی”ـشی بە سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی خۆیەوە کرد و گوتی: “رێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکامان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا گەڕاندەوە.”

هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەیاسایەکی ئابووری کرد و رایگەیاند: “پڕۆژەیاسا گەورەکە گەورەترین کەمکردنەوەی باج لەخۆدەگرێت لە مێژووی وڵاتدا، کە جەماوەریترینە و واژۆکردنی لەلایەن منەوە وەک راگەیاندنی سەرکەوتن دەبێت.”

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button