
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، ئەو تۆمەتانەی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراق کراون، “بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوە و سەرکۆنەکراوە و بە هیچ بیانوویەک ڕێگەپێدراو نییە”.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی کەوتنەخوارەوەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەی شەوی پێنجشەممەی هەولێر، ڕاگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە لە بەشێکی ڕاگەیێنراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە ئەم هێرشانە لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە ئەنجام دەدرێن
بەگوێری ڕاگەیێنراوێک، لیوا سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، داوا دەکات، “ئەگەر هەر بەڵگەیەک لەسەر ئەو تۆمەتانە بوونی هەیە، پێشکەش بە لایەنە فەرمییەکانی حکومەت بکرێت، چونکە لێدوانەکە بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک دەرچووە”.
لە هەمان کاتدا، نوعمان جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی و دامەزراوە ئەمنییەکانی، چەندین جار دووپاتیان کردووەتەوە کە سازش لەسەر ئاسایشی ڕۆڵەکانی عێراق ناکەن و هیچ دوودڵییەک ناکەن لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی تووند دژی هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری یان شێواندنی ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا بدات.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا: “ئاستەنگەکانی ئێستا پێویستیان بە هاوکاری و هەماهەنگییە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەک پەنابردن بۆ میدیاکان و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و لێدوانێک کە دەرفەت بە ناحەزان دەدات زیان بە دامەزراوەکانی عێراق بگەیەنن و بیانووش دەداتە دەستی لایەنە دژبەرەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق”.