
جێگری سەرۆکی پارتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک کادیری ئۆرگانەکانی پارتی لە هەولێر وتی، کێشەی ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کێشەیەکی سیاسییە نەک تەکنیکی، چونکە بەغدا، بە شێوەیەکی ناڕەوا و نادادپەروەرانە و بە جیاکاری و بە شێوەیەکی نادەستووری، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.
ماوەی 11 ساڵە حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیووە و مووچەی فەرمانبەران یان نانێرێت، یان دوای دەخات.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کادیری ئۆرگانە جیاوازەکانی پارتی کۆبووەوە و وتی، پارتی بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، داکۆکیکار و پارێزەری یەکەم و سەرەکی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە. هاوکات سەرۆک بارزانی ڕۆڵی گرنگی لە نزیککردنەوەی لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەبووە.
مەسرور بارزانی لەگەڵ کادیرانی پارتی ئەمانەشی وت:
٠ هەرێمی کوردستان، نابێت بە هەڕەشە و مەترسی بۆ هیچ لایەک و هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیریی و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا.
٠ هەرێمی کوردستان، هەرگیز دەستبەرداری هیچ مافێکی دەستووری خۆی نابێت.
٠ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەغدان بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا، کێشەی بڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێت.