کێشی جانتای قوتابیان دەبێت (لە سەدا ١٠)ی کێشی منداڵ بێت و لە خواردنگەکان (چەرەزات و میوە)یان پێبدرێت هەروەها لە وەرزی خوێندندا بەشێوەی پێویست بخەون و لە پەتا وەرزییەکان خۆیان بپارێزن.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی “جەماڵ ئەحمەدی منداڵان” لە سلێمانی. ئەمڕۆ یەک شەممە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی چەند ڕێنماییەکی بۆ وەرزی خوێندنی ئەمساڵی (٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ ) ئاشکراکرد.
دکتۆر پشدەر عەبدووڵڵا بەرێوەبەری نەخۆشخانەی “جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان” ڕایگەیاند: “زۆری کێشی جانتای منداڵان، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ تەندروستی منداڵ و بڕبڕەی پشتیان لە ئێستا و لە داهاتوودا. پێویستە کێشی جانتاکە (سەدا ١٠)ی کێشی منداڵ بێت، بۆ منداڵی پۆلی یەکەم کە کێشی نزیکەی 20 کیلۆیە، جانتاکەی دەبێت تەنیا دوو کیلۆ بێت”
لەبارەی خۆراکی منداڵان و قوتابیان دکتۆر پشدەر ڕوونیکردەوە: لە بری بەشێک لەو خواردنانەی لە خواردنگەکانی قوتابخانەکان دەفرۆشرێت، میوە وچەرەزات بدرێت بە قوتابیان.
لە دریژەی قسەکانی ئەوە بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان ئامۆژگاری ئەوەی کرد: لە وەرزی خوێندندا پەتای وەرزی زۆر بڵاودەبیتەوە و قوتابیان زۆیان بپارێزن و لە ئەگەری تووشبوونیان بە پەتای وەرزی داودەرمان زۆر بۆ چارەسەرکردنیان بەکار نەهێندرێت. چوونکە، بەرگری منداڵان لاواز دەکات.
بە بەشداری (ملیۆنێک و ٨سەد هەزار) قووتابی بڕیارە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە هەرێمی کوردستان ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ دەستپێبکات.