
پسپۆڕی پیسبوونی تیشکی و ژینگەیی، داوای گرتنەبەری ڕێکاری بەپەلە دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی دەوامی فەرمی لە کاتی بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما دا.
ئەمڕۆ شەممە لە 11 پارێزگای باشووری عێراق، پلەکانی گەرما دەگەنە نیوەی پلەی کوڵان، دەستەی کەشناسیی عێراقیش هۆشداریی شەپۆلێکی گەرمای تووند دەدات.
ئیقبال لەتیف، پسپۆڕی پیسبوونی تیشکی و ژینگەیی ڕاگەیاند، “تیشکی سەروو وەنەوشەیی کە بەهۆی کونبوونی چینی ئۆزۆنەوە دروست دەبێت، بە یەکێک لە مەترسیدارترین پیسکەرە ژینگەییەکان دادەنرێت کە مرۆڤ ئێستا ڕووبەڕووی دەبێتەوە کە لەوانەیە ببێتە هۆی خۆرلێدانی کوشندە، هەروەک چۆن لەم دواییانەدا بەسەر ژمارەیەک لە خوێندکارانی کۆلێژی سەربازییدا هات.”
بە گوتەی ئیقبال لەتیف، “ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە پێویستی بە خۆ بەدوورگرتنە لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیشکی خۆردا، پۆشینی جلوبەرگی سپی و دوورکەوتنەوە لە ڕەنگە تۆخەکان، هاوشێوەی دانیشتووانی ناوچە ئەفریقییەکان، چونکە گەرمی دەداتەوە و هەڵینامژێت.” هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی “خواردنەوەی بڕێکی زۆری شلەمەنی، بەکارهێنانی چەتر و کڵاوی دژەخۆر کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی تیشکی خۆر لەسەر تەندروستیی گشتی.”
ئەو پسپۆڕەی بواری پیسبوونی تیشکی و ژینگەیی جەخ لەوە دەکاتەوە “کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن لەم بارودۆخە ژینگەییەدا بووەتە پێویستییەکی هەنووکەیی، بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و کارمەندان لە دامەزراوە جیاوازەکاندا.”