کوردستانگرنگهەواڵ

درۆنێک کەوتە خوارەوە

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە نوێترین هێرشدا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە سنووری هەولێر کەوتە خوارەوە.

هێرشە درۆنییەکان مەترسییەکی ڕاستەقینە و گەورە و ئامانجدارن بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت  کە ئاراستەی فڕۆکەخانەکان و کێڵگە نەوتییەکان دەکرێن، دەرخەری ئەوەن جگە لە فشارە سیاسییەکان، هەوڵەکە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە داراییەکانیەتی.

دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی تەممووزی 2025، کاتژمێر 1:27 خولەک، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی جێژنیکانی سەر بە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتەوە.

 لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، بەردەوام هێرشی درۆنی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئاراستەی زیاتری هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک هێرش کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی سنووی هەولێر، دهۆک، شێخان و زاخۆ، بەم هۆیەوە ئەپیکۆر، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت و زیانێکی زۆر بەر ئەو کێڵگانە کەوت کە هێرشیان کراوەتە سەر.

ئەم هێرشانە لەکاتێکدان هەردوو حکومەتی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ناردنی مووچە، حکومەتی کوردستان ڕێککەوتنەکەی پەسەند کردووە و  بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی عێراقیش پەسەندی بکات.

هێرشەکان لەکاتێکدان دەستپێکردنەوەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە ئانوساتدایە. بەدروستی سەرچاوەی هێرشەکان دیارنییە ئایا لە ناوخۆن یان لە دەرەوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی کوردستان گرووپە چەکدارە عێراقییەکان تۆمەتبار دەکات، حکومەتی عێراق و تەنانەت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دەڵێت نازانرێت هێرشەکان لە کوێ و لەلایەن کێوە دەکرێن.  

 ئەو پرسیارەی تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە، ئایا هێرشەکان بۆ دروستکردنی فشارن لەسەر حکومەتی کوردستان بۆ ئەوەی بە مەرجەکانی بەغدا ڕازی بێت بۆ ڕێککەوتن، یان هەوڵەکە گەورەترە و پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستانە بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت بەشێک لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کێڵگە نەوتییەکان، کۆمپانیا ئەمریکییەکان کاریان تێدا دەکەن.

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کوردستان بەردەوام داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کار بۆ وەستاندنی هێرشەکان بکات، ئەمریکاش لەڕێگەی باڵیۆزخانەی عێراق و وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە قبوڵ ناکەن هێرشەکان بەردەوام بن و دەبێت دەستبەجێ بووەستێنرێن.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button