رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستکوردستانگرنگهەواڵ

ئەمریکا لەبارەی مووچە و نەوتی کوردستان هاتە دەنگ

مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سێ پەیامی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند، دوو لە پەیامەکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.

تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: مارک ڕۆبیۆ ڕۆژی سێشەممە 22-7-2025 بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سوودانی کردووە و سێ پرسیان تاوتوێ کردووە، دوو لە پرسەکان پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان و سێیەمیشیان تایبەتە بە حەشدی شەعبی:

سێ پەیامەکەی مارک ڕۆبیۆ بە سوودانی ئەمانە بوون:

یەکەم: باسی لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە بەتایبەت ئەو کێڵگانەی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەڕێوە دەبرێن. جەختی لە گرنگی دۆزینەوە و لێپرسینەوە لە هێرشکاران و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی هێرشەکان لە داهاتوودا کردووەتەوە.

دووەم: ئاماژەی بە گرنگی ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کردووەتەوە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.

سێیەم: نیگەرانی جددی ئەمریکای دووپات کردووەتەوە لە هەوڵدان بۆ دەرکردنی یاسای هەیکەلیەت و پەیکەربەندی حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق. جەختی کردووەتەوە دەرکردنی هەر یاسایەکی لەمشێوەیە کاریگەری ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە بە دامەزراوەیی دەکات، ئەمەش سەروەری عێراق تێکدەدەن.

ئەم پەیامەی ئەمریکا لەکاتێکدایە سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد ڕۆژی دووشەممە سەرکردایەتی باڵای سیاسیی کورد لەسەر نەناردنی مووچە پەیامی تووندیان بە حکومەتی عێراق گەیاندووە، کە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناکەن و هەنگاوی دیکە دەگرنەبەر و دەبێت بەرپرسیارێتی دۆخەکەش لەئەستۆ بگرن، ئەم پەیامەش بە ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا گەیێنرابوو بەتایبەت ئەمریکییەکان. هەمان ڕۆژیش بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا دژی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبییە.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button