کوردستانهەواڵ

پەیامی مەسعود بارزانی لە یادی چل و دوو ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە درێژایی ساڵدا كەم ڕۆژ هەن یادی كارەسات و تاوان و زوڵمێك نەبێ كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق دەرهەق گەلی كوردستان نەكرابێت. چل و دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ ڕژێمی پێشووی عێراق هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ هەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان بەزۆر ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراقی كردن و لەوێ دڕندانە كۆمەڵكوژی كردن. ئەو تاوانە بەشێك لەو تاوانانە بوو كە بەسەر ڕۆڵەكانی گەلی كوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، كیمیانبارانكردنی هەڵەبجە و دەڤەرەكانی تری كوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری هاووڵاتیانی كورد.

ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بوو عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بوو كە بۆ هەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن. بە داخەوە هێشتا هەندێ كەس هەن كە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەكەن. دەبێ هەموو لایەك بزانن هەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق هیچ كات ناحەسێتەوە.

لە یادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سوپاسی جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەم كە لەم ڕۆژە سەختانەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. پێزانینم بۆ خۆڕاگریی كەسوكاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانیانە هەیە كە ساڵانێكی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە. لەو یادەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی بارزانییە ئەنفالكراوەكان و هەموو شەهیدانی ئەنفال و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.

مسعود بارزانی
31ـی تەمووزی 2025

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button