
وەزارەتی کارەبا دەڵێت، زیاتر لە 2500 موەلیدە بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە کوژێندراونەتەوە. گوتەبێژی دەستەی ژینگەش دەڵێت، “کوژاندنەوەی موەلیدەکان کاریگەریی زۆری لەسەر کواڵیتی هەوا هەبووە.”
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئەمڕۆ بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، دوو هەزار و 517 موەلیدەی گەڕەکەکان کوژێندراونەتەوە.
کوژاندنەوەی موەلیدەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
هەولێر؛ 1734 موەلیدە
سلێمانی؛ 518 موەلیدە
دهۆک؛ 265 موەلیدە
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، کوژاندنەوەی ئەو ژمارەیەی موەلیدەیە دووکەڵی زیانبەخشی بە هێندەی کوژاندنەوەی 465 هەزار ئۆتۆمبێل کەمکردووەتەوە.
لەبارەی بەراوردی گازە زیانبەخشەکانی موەلیدە و ئۆتۆمبێل، د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “ئەو ژمارەیەی دیاریکراوە هەڕەمەکی نەبووە و بە وردی کاری لەسەر کراوە کە کارکردنی موەلیدەکان چەند تۆن گازی زیانبەخشی (CO2) دەخەنە هەواوە و ئۆتۆمبێلەکانیش چەند تۆن.”
سەنعان عەبدوڵڵا دەڵێت، “کەمکردنەوەی گازەکان، بەتایبەت گازی (CO2) سوودەکەی ئەوەیە رێژەی گازە ژەهراوییەکان کەم دەبێتەوە. بە کوژاندنەوەی ئەو موەلیدانە هەوا زۆر گۆڕاوە، لە شاری هەولێر گۆڕانکارییەکان بە چاو دەبیندرێن و ئەو تەمە رەشەی شارەکە هەیبوو بە رێژەی زۆر نزیکە لە نەمان.”
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی ژینگە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی کواڵیتی هەوا لە هەرێمی کوردستان پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زۆر و وردە. گوتیشی، “خاوێنبوونەوەی هەوا پەیوەندی راستەوخۆی بە باشبوونی تەندروستی گشتییەوە هەیە.”
د. سەنعان عەبدوڵلا ئاماژەی بەوەش کرد، “کواڵیتی هەوا باشتر بێت، کێشەکانی چاو و هەناسەدان باشتر دەبن و کەم دەبنەوە، هەروەها کاریگەری باشی لەسەر کەمبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت، کە یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییە ژینگە و پیسبوونی هەوایە.”
بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئەمڕۆ کارەبای پڕۆژەی رووناکی کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، گەیشتووەتە 2.7 ملیۆن هاووڵاتی کە 716 هەزار هاوبەشن و دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
هەولێر؛ 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی ملیۆن و 458 هەزار کەس.
سلێمانی؛ 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس.
دهۆک؛ 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.