کوردستانهەواڵ

پێنجەم بەشەخۆراک بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت

پێنجەم بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێ. بەرپرسێک دەڵێ، رۆنی شل هاتووە و دابەش دەکرێ.

کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: “خۆراکی پێویست گەیشتووە و لەم هەفتەیەدا هەمووی دابەش دەکرێت”.

چەند مانگێکە لە بەشەخۆراکی مانگانەدا کێشەی کەمیی رۆنی شل هەیە. بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ: “کەمیی رۆنی شل لە هەموو عێراق هەبوو، بەڵام ئەم مانگە 15 بارهەڵگر رۆنی شل گەیشتووە و هاتنیش بەردەوامە و دابەش دەکرێت”.

لە بەشەخۆراکی پێنجەمی ئەم ساڵدا ئەم خۆراکانە بۆ یەک کەس دابەش دەکرێن: 1 لیتر رۆنی شل، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیوکیلۆ لەتکە نۆک.

لە هەولێریش دابەشکردن دەستپێکردووە. بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا داوا لە بریکارەکانی خۆراک دەکات، رێکارەکانی وەرگرتنی بەشەخۆراک دەستپێبکەن.

ساڵانە چەند مانگێک بەشەخۆراک دابەش ناکرێت. ساڵی رابردوو لە 12 مانگدا تەنیا 10 بەشەخۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشکرا.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button