مەسعوود بارزانی لە پیرمام لەگەڵ محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، جەخت لە دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان کراوەتەوە تاوەکو ئەوکاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامدەدرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە پیرمام مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس جەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەکان، کۆبووەوە و “ئامادەیی خۆیان دەربڕی هەر هەنگاوێك كە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتیمانی، ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتییان بكات”.
بارەگای بارزانی، سەبارەت بەو کۆبوونەوەیە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیداهاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە کرایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە ئامادەکارییە یاساییەكان تەواو دەکرێن. هەروەها جەختیش لە پێویستیی بەردەوامبوونی كارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیی عێراق کراوەتەوە تاوەکو ئەوکاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت.
بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و پێویستیی پشتبەستن بە زمانی دیالۆگ و پەیڕەوکردنی شێوازە دەستوورییەکان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، “ئەوەش لەپێناو تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و گەییشتن بە چارەسەرێکی وا كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق بێت.”
هەردوو لایەنی کۆبوونەوەکە لەسەر ئەوە کۆکبوون کە دەبێ لایەنە سیاسییەکانی عێراق لێکگەیشتن و نزیکبوونەوەی زیاتر لەنێوانیاندا هەبێت و ئامادەیی خۆشیان نیشاندا بۆ هەموو هەوڵێک لەوبارەیەوە، ئەوەش لەپێناو “بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتییان.”
میدیا مەگەزین – هەولێر