
ئەمڕۆ سێشەممە، شاندی حکومەتی هەرێمی کورستان کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بەرفراوانیان لەگەڵ چەندین وەزیر و بەرپرسی حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا ئەنجامدا سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکانی هەردوولا بەتایبەتی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا کرا، لەوانە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت، داهاتی نانەوتی، هەروەها تەوتینی مووچە، بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر ئەم بابەتە.
بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدا، چونکە هەموو مەرج و پێداویستییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن لەڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) جێبەجێکراون.
هەروەها هەردوولا بڕیاریان دا، بەردەوام بن لە گفتوگۆکان بۆ تەواوکردنی ئەو مەرجانەی ماونەتەوە کە پەیوەندییان بە پرسەکانی دیکەوە هەیە.
ئەو بەرپرسانەی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون ئەمانە بوون؛ لە وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، تەندروستی، داد، جگە لە بریکاری سکرتێری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان، بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەشە یاساییەکان لە وەزارەتی دارایی و ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی چاودێری دارایی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتەکانی نەوت و دارایی.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە وەزیری سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی ئەرکان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی ئامادەبوون.