وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی بابەتی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکومییە خۆماڵییەکان و نێودەوڵەتییەکان، لەسەر ئاستی وەزارەت بۆ پۆلی پێنجەمی بنەرەتی، گشتاندنێکی بڵاوکردۆتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە “پێویستە مامۆستای پسپۆڕیی زمانی کوردی بابەتەکە بڵێتەوە”.
جەختیش لەوە کراوەتەوە: سەرجەم پڕۆگرامی خوێندن دەبێ تەواو بکرێت و پابەند بن بە بەشە وانەکان کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و چاپەمەنییەوە دیاریکراوە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان و هەڵسەنگاندن، ڕیککەوت و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دیاریدەکات.
ئەوەش هاتووە: هەڵسەنگاندنەکان بەمانای دەرنەچوونی قوتابییان نییە، بەڵکو وەزارەت قوتابخانەکەی پابەند دەکات کە بێ بەرانبەر پۆلی پشتیوانی و یان وانەی پشتیوانی زمانی کوردی دابین بکات.
وەزارەتی پەروەردە، گشتاندنەکەی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا، ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە.
میدیا مەگەزین- هەولێر