جیهان

ترەمپ هۆشداری دەداتە ئیسرائیل

سەرۆکی ئەمریکا ستایشی قەتەری کرد و بە “هاوپەیمانێکی گەورە” وەسفی کرد، هاوکات داوای لە ئیسرائیل کرد “زۆر وریا بێت” بەوەی چۆن لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ قەتەر دەکات، لەدوای هێرشەکانی بۆسەر دەوحە.

رۆژی یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، قەتەر هاوپەیمانێکی مێژوویی و گرنگی ئەمریکا بووە، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ پرسیارێک سەبارەت بە هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا دەربارەی پەیامەکەی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چییە لەدوای ئەو هێرشە؟ ترەمپ گوتی، “دەبێت ئیسرائیل زۆر وریا بێت.”

روونیشیکردەوە، “دەبێت شتێک لەبارەی حەماسەوە بکەن، بەڵام قەتەر هاوپەیمانێکی گەورەی ئەمریکا بووە. زۆر کەس ئەمە نازانن.”

سەرۆکی ئەمریکا، تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەری بە “کەسێکی نایاب” ناوبرد، بەڵام پێیوابوو، میری قەتەر پێویستی بە “باشترکردنی پەیوەندییە گشتییەکان هەیە،” چونکە بە وتەی ئەو، خەڵک بە شێوەیەکی نەرێنی باسی قەتەر دەکەن، “نابێت خەڵک بە خراپی باسی قەتەر بکەن، چونکە ئەوان هاوپەیمانێکی زۆر گەورە بوون.”

“هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دانوستاندنەکانی غەزز”

بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، ئیدارەی ترەمپ لە هەوڵدایە لە واشنتن میوانداریی بەرپرسانی قەتەر و ئیسرائیل بکەن تاوەکو پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و خولێکی نوێی گفتوگۆکانیش لەنێوان بەرپرسانی ئیسرائیلی و قەتەریدا دەستپێبکەنەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و ئاگربەست لە غەززە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر سەردانی واشنتنی کرد و لەوێ لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریکی کۆبووەوە، لەنێویان دۆناڵد ترەمپ؛ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا؛ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ.

لەو کۆبوونەوانەدا، سەکردایەتیی ئەمریکا جەختیان لەسەر “دۆزینەوەی رێگەیەکی دروست” کردووەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر جەنگی غەززە.

دواتریش سەرەڕای هێرشەکەی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانی قەتەر دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی رایگەیاند، قەتەر پابەندە بەوەی بەردەوام دەبێت لەوەی رۆڵی نێوەندگیری ببینێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button