کوردستانگرنگ

کاروانی ئاوەدانی لە دهۆک و زاخۆ

مەسرور بارزانی، لە دوو رۆژدا ڕێگای نوێ و پارکێکی گەورە و نەخۆشخانەیەکی منداڵان، کۆمپانیای تۆیۆتا و پێشانگای نێودەوڵەتی کردەوە.

دوێنێ شەممە 9/20، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، جووتسايدی شێخان-لالش-ی لە پارێزگەی دهۆک کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند؛ چەند ئێمە بتوانین خزمەتی میللەتی خۆمان بكەین، پێكەوە دەتوانین بەختەوەرتر ببین.

گوتیشی: سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی كە ئێمە بینیمان، دیسان پڕۆژەكانی ئاوەدانی لێرە ڕانەگیران، بەشێكی زۆری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كە باوەڕێكی زۆریان بە حكومەتی هەرێم هەیە و ئەم پرۆژەیان جێبەجێ كرد، جێی دەستخۆشییە.

هەر دوێنێ شەممە، مەسرور بارزانی لە شاری دهۆك و بە ئامادەبوونی ئیندۆ ئەکیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، كۆگا و سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی كۆمپانیای تۆیۆتای كردەوە.

مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا كە لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەرەکەدا، پێشكەشی كرد، گوتی: دەستخۆشی لە سەردار گرووپ کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو متمانەیە دەربڕی كە ژاپۆن بە هەرێمی كوردستانی كردووە و شارێكی كوردستانی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی لێرەوە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی ژاپۆنی كە دەهێنرێنە عێراق و پشکنینیان بۆ بکرێت و لێرەوە بۆ شارەكانی دیکە هەناردە بكرێن.

هەر لە هەمان رۆژ و هەمان شار، مەسرور بارزانی گەورەترین پارکی دهۆکی بەناوی پاركی (سەرهڵدان) لە گەڕەکی بەرۆشکێی كردەوە و گوتی: خەڵكی ئێمە و قارەمانانی ئەم میللەتە، خەڵكێكی خۆڕاگرن بەرامبەر ئەو هەموو ئاڵنگاری و ئەو هەموو نەهامەتییەی كە رووبەڕووی ئەم میللەتە بووەتەوە و بەردەوامبوون لە خۆڕاگری، بەڵام رۆژی خۆشترمان لەپێشە و ئینشائەڵا گەلێك پرۆژەی باشتریش ئەنجام دەدرێن لە شاری دهۆك و هەموو شارەكانی كوردستان و دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتیان.

ئەمڕۆش یەکشەممە، مەسرور بارزانی لەبەیانییەکی زوودا خۆی گەیاندە زاخۆ و زەنگی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026ی لە قوتابخانەی بنەڕەتی دمدم لە شاری زاخۆ لێدا.

مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا، پیرۆزیایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابیان و مامۆستایان کرد و گوتی: سوپاسێكی زۆری مامۆستایانی قەدرگران دەكەم كە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ناخۆشی و بێ مووچەییەك، بەردەوام بوون لە خوێندن، ئەو مامۆستا كوردپەروەر و نیشتمانپەروەر و دڵسۆزانە قەت ڕێگەیان نەداوە كە خوێندن بوەستێت یان قوتابی بێبەش ببێت لە خوێندن.

هەر لەڕۆژی یەکشەممە، مەسرور بارزانی نەخۆشخانەی منداڵانی لە زاخۆ كردەوە و بەشەکانی نەخۆشخانەکەی بەسەر کردەوە.

دوای ئەوە، مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا دووپاتی کردەوە کە حكومەت کار دەکات بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكرێت و ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی پێویستن بۆ هەموو خەڵكی دابین بكرێن.

مەسرور بارزانی، کۆتایی بە سەردانەکەی نەهێنا و یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی لە زاخۆ کردەوە و بەشەکانی پێشانگەکەی بەسەر کردەوە کە زیاتر لە سەد کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەوە بەشدارییان تێدا کردووە و بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوەتەوە.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ شاری زاخۆ و ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، مەسرور بارزانی، قۆناخی دووەمی كۆڕنیشی زاخۆی کردەوە و بەشەکانی بەسەر كردەوە كە بەشێكە لە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵێكی گرنگی لە پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لە زاخۆ دەبێت.

Facebook Comments Box

وتاری پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button