
ئەمڕۆ سێشەممە 9/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پێشوازی لە جاشوا هاریس هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانه دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کردەوە.
هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیجی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی و خواستی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە و حکومەتی فیدراڵ ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.