قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و جگە لە تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان، بڕیاردرا لەسەر جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان – چەقچەق و پڕۆژەی نموونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی خزمەتگوزارییەکانی ساری سلێمانی کرا، هەڵسەنگاندنیش بۆ کارەکانی هەفتەی رابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کرا و “لەماوەی یەک هەفتەدا، مامەڵەی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبووە و هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بەزوویی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە”.
جێگری سەرۆکوەزیران، داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کرد، بەردەوام بن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان و فەرمانگەکاندا دروستبووە، بۆ ئەوەی چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاووڵاتییان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت.
هاوکات رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان گرت کە بۆچی پێشتر بەمشێوەیە کارەکانیان خێرا و بەبێ رۆتین رانەپەڕاندووە و “جەختیشی کردەوە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو پرۆسەیەی دەستیانپێکردووە لە هاندان و سزادانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان”.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی کارەکانیان تەواوبووە رۆڵێکی باشی دەبێت لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکە دەڕەخسێنێت.
لە تەورێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆژەی پێنج زۆنی گەشتیاریی چەمی قلیاسان – چەقچەق و پڕۆژەی گەشتیاریی نموونەیی شاخی گۆیژە پەسند کرا، کە هەردووکیان پڕۆژەی ستراتیژیی و گەشتیاریین.
لەگەڵ ئەو دوو پڕۆژەیەشدا، چەندین پڕۆژەی دیکەش پەسندکران و و زەوی پێویستیش بۆ چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی دابینکرا.