
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە هەڵەبجە دا.
ئەمڕۆ دووشەممە 2025-10-06، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان سەردانی هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە و ئەنجوومەنی پاڵپشتی هەڵەبجە کۆبووەوە و مژدەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگی حکومەتی بۆ خەڵکی شارەکە ڕاگەیاند.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند، سەرۆک بارزانی فەرمانی کردووە لە ڕێگەی حکومەتەوە خزمەتی هەڵەبجە بکرێت.
لەبارەی ئەو پڕۆژانەی کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن، ئومێد سەباح وتی، بە بڕی 25 ملیار دینار پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێدەکرێت، داواشی کرد پێویستە وەبەرهێنەران دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە بقۆزنەوە، هاوکات ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی 250 کەسی دیکە بۆ هەڵەبجە دراوە.
٠ دەروازەی سنووریی سازان وەکو دەروازەیەکی فەرمی دەکرێتەوە
٠ بۆردێکی تەندروستی بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمایی دروست دەکرێت
٠ لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەویوزاری هەڵەبجە پێکدەهێنرێت
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، دەستخۆشی و سوپاسمان بۆ سەرۆک بارزانی هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا کارە دروستەکەیە بۆ هەڵەبجە، دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، زۆر دڵسۆزانە کار بۆ هەڵەبجە دەکرێت.
وتیشی، دروستکردنی ڕێگاوبان بۆ شوینە گەشتیارییەکان زۆر گرنگە، ئایندەیەکی گەش چاوەڕێی پارێزگای هەڵەبجە دەکات.